یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

ووتار

بازڕگانی ئەلیکترۆنی.

بازڕگانی ئەلیکترۆنی.

یادگار سدیق

بەهۆی شۆرشی تەکنۆلۆجیای زانیاری لە جیھاندا، بڵاوبونەوە و پێشکەوتنی تۆری ئینتەرنێت، کاریگەری لەسەر سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵگا دروستکردووە، رۆڵێکی گرینگی لە پرۆسەی پەرەپێدان و گەشەپێدانی بازڕگانیدا گێراوە، کاری کردۆتە سەر شێواز و چالاکییەکانی ئەم سێکتەرە، ساڵانە قەبارەی بازڕگانیکردن و کڕین و فرۆشتن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە روو لە بەرزبونەوەیە، قەبارەی داھات و دەستکەوتەکانی کۆمپانیاکانی بواری بازڕگانی ئەلیکترۆنی ساڵ دوای ساڵ گەورەتر دەبێت، ئەم کاریگەریش بەتەنیا لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا جێگیر نەبووە، بەڵکو هەموو بوارە جۆر بەجۆرەکانی کۆمەڵگای تەنیووە، ئەمرۆ بازڕگانی ئەلیکترۆنی بۆتە پیشەی دەیان ملیۆن کەس کە داھاتی رۆژانەیان لەو ڕێگەیەوە بەدەست دەخەن.
تا دێت بەکارھێنەرانی ئینتەرنێت لە سەر ئاستی جیھان روو لە بەرزبوونەوە دەکات، ئێستا ژمارەی بەکارھێنەرانی گەیشتۆتە ٥١.٧% کۆی دانیشتوانی جیھان، بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٠ ڕێژەی گەشەکردنەکە گەیشتۆتە ٩٧٦.٤% کە لەو ساڵەدا تەنیا ٣٠٤ ملیۆن کەس ئینتەرنیەتیان بەکاردەھێنا، چەند ساڵێکی کەم لە دەرکەوتنی ئینتەرنێت هەر زوو بازڕگانی ئەلیکترۆنی هەوڵی خۆ گونجاندنی دا لەگەڵ شۆرشەکە، گەر چی بازڕگانی ئەلیکترۆنی و کڕین و فرۆشتنی پێداویستیەکان لە ساڵی ١٩٩٤ دەرکەوت، بەڵام بەهۆی گرینگی ئەم جۆرە بازڕگانیە بۆ بەکاربەرەکان و کۆمپانیاکان خێرا گەشەی کرد، لەو کاتەوە تاکو ئێستا چەندین پێناسەی جیا بۆ ئەم بازڕگانیە کراوە، ئەمەش بەھۆی خێرایی گۆرانکاریەکان بووە لەو تۆرە. دەتوانین بەم شێوەیە پێناسە بۆ بازڕگانی ئەلیکترۆنی بکەین، بریتیە لە کڕین و فرۆشتنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەڕێگەی ئینتەرنێت و ئامرازەکانی تەکنەلۆجیا، بەبێ چاوپێکەوتنی کڕیار و فرۆشیار، بەبێ بەکارھێنانی ھیچ بەڵکەنامەیەکی کاغەزی، نەبوونی رێگریی کات و شوێن.
ئینتەرنێت فاکتەرێکی بەھێزە بۆ زیادکردنی قازانج و بەرھەمداری کارە بازڕگانییەکان، ھانی خاوەن کارەکانی دا تاکوو پەیوەندی زیاتر لەگەڵ بەکاربەرەکانیان ببەستن تەنانەت یارمەتیدەرێکی بەهێز بوو بۆ دروستکردنی بەکاربەری نوێ، کاریگەری خستە سەر کەمکردنەوەی خەرجی بازڕگانی، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بازاڕی ئۆنڵاین بووە بە یەکێک لە بەدیلەکانی بازاڕی جەستەیی، کڕیارەکان پێویست ناکان ڕێگایەکی دوور ببڕن بۆ گەیشتنیان بە بازاڕ(جەستەیی)، کڕیارەکان دەتوانن لە ھەر کات و شوێنێک بێت(تا ئەو کاتەی پەیوەندی ئینتەرنێتیان ھەیە)، دەتوانن تەنھا لەڕێگەی کەڕان لە کۆمپوتەر یاخود ئامێرەکانیان ھەر پێداویستییەکیان ھەبێت بیکڕن، تەنانەت دەرمانەکانیش.
بازڕگانی ئەلیکترۆنی بووە بە پیشەسازییەکی زۆر گەورە، سەرەرای ئەو گرینگیەی کەوا بۆ بەکاربەرەکان هەیەتی، بەڵام نەک بەتەنیا کۆمپانیاکانی بازڕگانی ئەلیکترۆنی بەڵکو کۆمپانیاکانی تریش توانیویان سوود لە ئینتەرنیەت و ئەم جۆرە بازڕگانیە وەربگرن. بەگوێرەی داتاکان قەبارەی بازڕگانی ئەلیکترۆنی وردە فرۆش(تاک) لەساڵی ٢٠١٦ بریتی بووە لە ١.٨٦ تریلۆین دۆلار، زۆرترین بەشداربوانی ئەم چالاکیەش لە وڵاتی چین بووە بەجۆرێک داهاتی ئەم جۆرە بازڕگانیە یەک تریلیۆن دۆلار بووە، لەدوای ئەویش وڵاتی ئەمەریکا دێت بە ٤٩٦ ملیار دۆلار و بەریتانیا بە ١٦٦ ملیار و یابان بە ١٢٤ ملیار و ئەڵمانیا بە ١٠٦.٩ ملیار و فەرەنسا بە ٧٢ ملیار دۆلار رێزبەندی دووەم تاکو شەشەمیان گرتووە. ھەر بۆیە ھەمیشە کۆمپانیایی نوێ دینە نێو ئەم بازڕگانییەوە سەرمایەکانیان لەو بازاڕە دەخەنە گەر بە ئامانجی کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان کە توانیوانە لەماوەیەکی کەم بەشێوەیەکی خێرا گەشە بکەن و متمانەی زۆربەی بەکاربەرەکان بۆ لای خۆیان رابکێش. گەورە کۆمپانیاکانی بازڕگانی ئەلیکترۆنی ژمارەیەکی گەورە لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت پێکدەھێنن، ئەو کۆمپانیایانە بەشێوەیەکی وا گەورەبوون لەرووی قەبارەی داھاتەوە رێزبەندەکانی سەرەتایان گرتووە، کۆمپانیاکانی ئەمازۆن و علی بابا، ئی بەی، گروبون، وول مارت، چەند کۆمپانیایەکی ئەم بوارەن .
گەر داهاتی دوو ساڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئەم بوارە بەجیا وەربگرین و بەراوردیان بکەین دەبینین بەشێوەیەکی خێرا گەشە دەکەن، ئەمازۆن گەورە کۆمپانیایەکی ئەم بوارەیە داھاتی ئەم کۆمپانیایە بەشێوەیەکی خێرا گەشە دەکات، داهاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٦ بریتیبووە لە ١٣٥.٩٩ ملیار دۆلار، ئەمە لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٥ داهاتەکەی ١٠٧.٠١ ملیار بوو، واتا بەڕێژەی ٢٧.٠٨% گەشەی کردووە ئەم گەشەکردنە لە ساڵی ٢٠١٧ بەردەوام بووە کە تاکو چوارێکی سێیەم داهاتەکەی ١١٧.٤١٣ ملیار دۆلار بووە، سەرەرای ئەوەی لە ٢٠١٧ پشکی ئەم کۆمپانیایە بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لەبەرزبونەوە کردووە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵ نزیک بە دوو ئەوەندە بەھای پشکەکانی بەرزبۆتەوە، گەیشتۆتە سەرووی ئاستەکانی ١٢٠٠ دۆلار ئەمە لەکاتێکدایە لە کۆتایی ٢٠١٦ بە ئاستەکانی ٧٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا، لە ھەینی رەشی ٢٠١٧شدا جێف بیزۆس خاوەنی کۆمپانیاکە توانی کۆی سامانەکەی بگەێنێتە ١٠٠.٣ ملیار دۆلار، کۆمپانیاکانی تریش بەهەمان شێوە توانیویانە بەشێوەیەکی خێرا گەشە بکەن و داهاتەکانیان بەرزبکەنەوە، قازانج ئەم کۆمپانیایانە تەنها لە بواری ئەم چالاکیانەدا نیە بەڵکو ئەمرۆ ئینتەرنێت بۆتە گونجاوترین رێگا بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی کەوا سەرمایەکانیان لە بواری وەبەرهێنان لە خوێندن و فێرکردن دەخەنە گەر خولی راهێنان و زانست بەشێوەی ئۆنڵاین پێشکەش دەکەن، بەهۆیەوە ساڵانە داهاتێکی گەورە بەدەستدەهێنن.
بەشێوەیەکی گشتی دوو فاکتەر ھەن کە جۆرەکانی بازڕگانی ئەلیکترۆنی لەیەکتری جیا دەکاتەوە.
یەکەم: لەسەر بنەمای جۆری کاڵای فرۆشراو.
کاڵای (فیزیکی) نمونە کتێب، کەل و پەلی ناوماڵ، ئامرازەکان و جۆرەکان تر.
شمەکی دجیتەل، نمونە کتێبی ئەلیکترۆنی، بەرنامەکان، وێنە، فیدیۆ، بابەتەکانی تری پەیوەندیدار.
خزمەتگوزاری، نمونە تیکت و جۆرەکانی تری خزمەتگوزاری.
دووەم: جۆرەکانی بازڕگانی ئەلیکترۆنی لەسەر بنەمای سروشتی بەشداربوان.
زۆربەی بەشداربوانی بازڕگانی ئەلیکترۆنی کۆمپانیاکانی کار و بەکاربەرەکانن. ھەر چەندە جۆرەکانی بازڕگانی ئەلیکترۆنی چەندین جۆر لەخۆ دەگرێت ئەمەش بەھۆی فراوانی چالاکییەکانە لەو بازاڕەدا بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە دەتوانین بازڕگانی ئەلیکترۆنی بەسەر شەش جۆر دابەش بکەین.
یەکەم: لەنێوان کۆمپانیاکانی کار، ئەم جۆرە بازڕگانیە کڕین و فرۆشتنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەنێوان کۆمپانیاکان دەبێت، کە دەکرێت قەبارەی چالاکییەکان گەورە بێت.
دووەم: لەنێوان کۆمپانیاکانی کار و بەکاربەرەکان ئەم جۆرە بازڕگانیە لە نێوان کۆمپانیاکانی کار و بەکاربەرەکان دەبێت، ئەم جۆرە بازڕگانیە بەشێوەی وردە فرۆش(تاک) دەبێت.
سێیەم: لەنێوان بەکاربەر و بەکاربەر، لەم جۆرەدا کڕین و فرۆشتن لە نێوان بەکاربەرەکان دەبێت کە بازڕگانی ئەلیکترۆنی ئەم دەرفەتەیان بۆ دەرەخسێنێت ئەویش لە رێگەی پلاتفۆرمەکانەوە دەبێت.
چوارەم: لەنێوان بەکاربەر و کۆمپانیاکانی کار، دەکرێت بازڕگانیەکە پێچەوانەوە ئەنجامبدرێت، بەکاربەر ھەستێت بە ئەنجامدانی مامەڵەی فرۆشتن یەکێک لەو جۆرە مامەڵانەی کەوا زۆر باوە لەم جۆرە فرۆشتنی وێنەکانی فۆتۆ گرافییە.
پێنجەم: لە نێوان کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان، لەم جۆرەدا رووبەرێکی فراوان دەکرێتەوە نمونە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و باج و بەڵگەنامەکان و تۆمارە یاساییەکان جۆرەکانی تر.
شەشەم: لەنێوان بەکاربەرەکان و دامەزراوە حکومییەکان، نمونە باج و پەروەردە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و جۆرەکانی تر.
سوودی سەرەکی بازڕگانی ئەلیکترۆنی بۆ بەکاربەرەکان یارمەتی بەکاربەرەکان دەدات تاکو بگاتە بازاڕە جیھانیەکان بەبێ وەبەرھێنانێکی دارایی گەورە، رێ بە بەکاربەر دەدات تاکو پێداویستیەکەی لە نێو بازاڕە جیھانییەکان ھەڵبژێرێت، دەتوانین سوودەکانی بۆ بەکاربەر لە چەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە:
یەکەم: یارمەتی بەکاربەرەکان دەدات تاکو ئەو بەرھەمە ھەڵبژێرێت بە گوێرەی ئەو تایبەتمەندیانەی کەوا خوازیاری بەدەستھێنانیەتی.
دووەم: ڕێگە بە کڕیار دەدات تاکو لە بازاڕی ئۆنڵاین بازاڕکردن بکات، لەگەڵ نەرمی، خێرایی زانیارییەکان یارمەتی خاوەن کارەکان دەدات تاکوو خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە بەکاربەرەکان بکەن بەمەش کڕیارەکان لێی سوودمەند دەبن.
سێیەم: بوونی کێبرکێ لە بازاڕدا کاریگەری لەسەر نرخی کاڵاو خزمەتگوزارییەکان دروست دەکات، نرخ دادەبەزێت و ھانیان دەدات خزمەتگوزاری و کاڵای تایبەتمەندی زیاتر پێشکەش بە بەکاربەرەکانیان بکەن، ڕەزامەندی کڕیارەکان دەستەبەر بکەن.
چوارەم: بازاڕەکە یارمەتی بەکاربەرەکان دەدات لە ھەر شوێن و کاتێک بیەوێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێر لە رۆژێکدا و ٧ رۆژ لە ھەفتەیەکدا بازاڕ بکات.
پێنجەم: ئەو پێداویستیانەی دەست بکەوێت کە ناتوانێت لە بازاڕەکانی ناوەخۆ بەدەستیبێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا کڕیار لە یەک کاتدا دەتوانێت لە بازاڕی ئەلیکترۆنییدا لە چەندین کۆمپانیایی پەیوەندیدار بەم بازاڕە بازاڕکردن بکات و بەرواوردی نرخ و تایبەتمەندیەکانیان بکات، لە ماوەیەکی کەمدا، سەرەرایی خێرایی زانیارییەکان کڕیار بەشداری دەکات لە پێشخستنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.
لەگەڵ ئەوەی کۆمپانیاکانی تایبەت بەم بوارە توانیویانە سەرمایەکی زەبەلاح کۆبکەنەوە، سەرجەم کۆمپانیاکان تر لەڕێگەیەوە توانیویان داھاتی پرۆژەکانیان بەرزبکەنەوە. سوودی بازڕگانی ئەلیکترۆنی بۆ کۆمپانیاکان دەتوانین لە چەند خاڵێک کورتی بکەینەوە.
یەکەم: بازڕگانی ئەلیکترۆنی توانای زیاتر بە دامەزراوە بازڕگانیەکان دەدات تاکو بەرھەمەکانیان لە ڕێگەی جیاوازەوە بگەێنن بە بەکاربەرەکان، بە خەرجییەکی کەم، لەگەڵ ئەوەشدا فرۆشتنی ئۆنڵاین خەرجیەکانی تایبەت بە کار و کرێ شوێنی فرۆشتن ناھێڵێت.
دووەم: خێرایی گەیاندنی زانیارییەکان بەکڕیارەکان و دانانی نرخەکان یارمەتی چاڵاکی زیاتری بازڕگانی دەدات.
سێیەم: دامەزراوە بازڕگانییەکان دەتوانن بە تێچوویەکی کەم بچنە نێو بازاڕە نێودەوڵەتیەکان سنورە جوگرافییەکان ببڕن.
چوارەم: ھەلی بازڕگانی، بەرزبونەوەی قەبارەی چالاکیەکانی کۆمپانیاکان زیاد دەکات ، ھانی کۆمپانیاکان دەدات لەبارەی تایبەتمەندی جۆری کاڵا و خزمەتگوزراییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکان دەتوانن زۆر سانا ئاگاداری ئەوە بن کە چ بەرھەمێکی ئەو کۆمپانیا زۆرترین خواستی لەسەرە ئایا کڕیارەکان لە پێگەکانیان زیاتر بەدوای چ پێداویستییەکدا دەگەڕین لەگەڵ جۆر و تایبەتمەندی کاڵاکان. گەورە بوونی قەبارەی داھاتەکانی ئەو کۆمپانیایانە ئاماژەیەکی روونە کە کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو تێیدا سوودمەند بوون، گرینگە بڵێین تەنانەت لەو کاتەی خاوەن کارەکان لە خەوێکی قوڵدان، بازاڕ و کڕیارەکان داھات بۆ کۆمپانیاکان کەڵەکە دەکەن، هەر ئەمەش دەرفەتی زیاتری بە خاوەن کارەکان و کارە بچوکەکان دەدات کە خێرا گەشە بسەنن.
کاریگەری بازڕگانی ئەلیکترۆنی وەک چۆن خۆی لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا نامێنێتەوە بەھەمان شێوە کاریگەری لەسەر کۆی کایە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگا دروست دەکات، یەکێک لە گرفتەکانی زۆربەی کۆمەڵگاکان بە پێشکەوتووەکانیشەوە قەڵەباڵغی و جەنجاڵی شارەکانە بەتایبەتی شوێنە گشتیەکان بۆ نمونە بازاڕەکان و مۆڵەکان بازڕگانی ئەلیکترۆنی ئەم جەنجاڵییە کەم دەکاتەوە، بازڕگانی ئەلیکترۆنی ھانی پرۆژە بچوک و مامناوەندەکان دەدات کە گەشە بکەن و بە تێچویەکی کەم ببەسترێنەوە بە بازاڕە جیھانییەکان بەم شێوەیە بازڕگانی ئەلیکترۆنی بەشداری دەکات لە پرۆسەی گەشەپێدان و پەرەپێدانی ئابووری وڵات و بەرزکردنەوەی چالاکییە بازڕگانیەکان و دروستکردنی کارە جیاوازەکان و ھەلی کار و پێشکەوتنی بواری زانیاری لە وڵاتدا.
گەر چی بازڕگانی ئەلیکترۆنی پێشکەوتنێکی خێرایی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بەخۆیەوە بینیووە و ئێستاش ئەم شۆرشە بەردەوامە، بەڵام ئەم بازڕگانییە لە ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەکردنی بێ بەش نیە رووبەروی چەندین ئاستەنگ بۆتەوە:
یەکەم: پشتبەستنی بەھێزی بە زانیاری و تەکنولۆجیا، زۆربەی کۆمەڵگاکان بەتایبەتی دوواکەتووەکان بەھۆیی نەخوێندەواری و دوورە پەرێزیان لە تەکنەلۆجیا و زانیاریی ناتوانن سوودمەند بن و چالاکی بازڕگانی لە رێگەی ئینتەرنیەتەوە ئەنجامبدەن.
دووەم: نەبوونی متمانە بە بازاڕ لەلایەن بەشێک لەتاکەکانەوە.
سێیەم: بازارکردنی ئەلیکترۆنی بواری ئەوە بە کڕیار نادات تاکو دەست لە شمەکەکە بدات(رەنگە ئەم خاڵەت بەلاتەوە سەیر بێت بەڵام ئەمە بیرکردنەوەی زۆربەی کڕیارەکانە ئەم هەستە لە ناخی زۆربەی کڕیارەکاندایە کە حەز دەکات دەست لەکاڵاکە بدات ئینجا هەڵیبژێرێت).
چوارەم: ژمارەیەک لە وڵاتانی جیھان ھەوڵ دەدەن چالاکییەکانی بازڕگانی ئەلیکترۆنی سنوردار بکەن، تەنانەت ھەوڵی بچراندنی ئەم تۆرە بدەن.
پێنجەم: تۆری ئنیتەرنیەت بەدەر نیە لە فێل و ھەڵخەڵەتاندنی بەکارھێنەرانی، زۆر جار ئەو کۆمپانیایەی کەوا لە ڕێگەی پێگەکەیەوە لەسەر ئینتەرنیەت ھەوڵی فرۆشتنی کاڵاکانی دەدات بەگوێرەی ئەو تایبەتمەندییە نیە کەوا لە تۆرەکە گەنگەشەی بۆ دەکات سەرەرای چەندین فێڵی تر کە پەنای بۆ دەبەن.
شەشەم: ئەنجامدانی مامەڵەی بازڕگانی و بازاڕکردن لەڕێگەی بازڕگانی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کەسانەی کەوا زمان نازانن بەتایبەتی زمانی ئینگلیزی ئەوە توشی ئاستەنگ دەبن، چونکە زۆربەی پێگەکان بەم زمانەن، کڕیار زیاتر دەتوانێت خۆی لە فێل و شێوازە جۆر بەجۆرەکانی تری ھەڵخەڵەتاندن ڕزگار بکات، تەنانەت باشترین پێداویستیەکانی خۆی دەستەبەربکات.
حەفتەم: خراپی تۆری ئینتەرنیەت لە بەشێک لە وڵاتەکان و خەرجییە زۆرەکانی دەبنە ڕێگر لەبەردەم بازاڕەکە.
بەھۆی پشت بەستی بازڕگانی ئەلیکترۆنی بە سیستەمی پارەدانی بانکە ئەلیکترۆنییەکان، بانکە ئەلیکترۆنییەکانی لە جیھاندا بەرەو پێش بردووە، یەکێک لە گرینگترین رێگاکان پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی پسولەی سپاردەیە کە زۆربەی پارەدانی ئەم بازاڕە لە ڕێگەی ئەم پسولەیەوە دەبێت ھەروەھا پەیپاڵ لەگەڵ چەندین کارتی تر. پارەدان لەم سیستەمە بەدەر نیە لە گیروگرفت بەتایبەت لە دوای بڵاوبونەوەی ھەندێک جۆری فایرۆس، ھاک لەسەر تۆری ئینتەرنیت، بۆتە ھەرەشەیەک لەسەر بەکارھێنەرانی، مەترسیەک بۆ کریارەکان و بازڕگانەکان، تاکوو پارەکانیان لە رێگەی ھەژماری بانکەکانی خۆیانەوە بیدەن لە بازاڕی ئەلیکترۆنی، ھەر بۆیە لەگەڵ ئەم گرفتانەدا جۆرێکی تری پارەدانیش سەری ھەڵداوە ئەویش لە رێگەی دراوە ئەلیکترۆنیەکانەوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبونەوە کردووە بەتایبەتی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین کە بەھۆی لایەنە ئەرێنیەکان و ئاسایشی دراوی بیت کۆین نرخی بیت کۆینی لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا گەیاندە زیاتر لە ١٠ هەزار دۆلار ئەمە لەکاتێکدایە سەرەتایی ٢٠١٧ بەکەمتر لە ھەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا، کەواتە سەرەرایی پێدانی پارە لە ڕێگەی بانکە ئەلیکترۆنییەکان لە بازاڕی ئەلیکترۆنی, دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەھۆیی ئەو تایبەتمەندیانەی ھەیتی کە ناتوانرێت ھاک بکرێت چالاکییەکانی ئەم بازاڕەی سست نەکردووە, ئەگەر چی بڵاو بونەوەی ئەم فایرۆسە ئەلیکترۆنیانە کاریگەری لەسەر چالاکییەکان دەبێت بەڵام دەکرێت دراوە ئەلیکترۆنییەکان ڕێگەیەکی تری پارەدان بەن کە دەست بەسەرداگرتنیان کارێکی ئاسان نیە.

پێگەی کوردستان لە بازاڕی ئەلیکترۆنیدا.
سەقامگیری باری ئەمن ئاسایشی کوردستان پێگەی کوردستانی لە بوارە جۆربەجۆرەکانی بەرزکردۆتەوە، کەرتی بازڕگانی کوردستان بەبەراورد لەگەڵ رابردوودا بەروپێشچونێکی تا رادەیەک باشی بەخۆیەوە بینیووە، بڵاوبونەوەی تۆری ئینتەرنیەت لە کوردستان بەرزبونەوەی بەکارھێنەرانی سەرەرایی ماڵپەرە جیھانییەکان چەندین ماڵپەری تایبەت بە کڕین و فرۆشتن لەسەر ئینتەرنیەت لە کوردستان دامەزراون کە رۆژانە بەشێک لە بەکاربەرەکان ھەوڵی کڕینی پێداویستیەکانیان دەدەن، هەروەها بونەتە هۆی رەخساندنی سەدان دەرفەتی کار بۆ تاکەکانی کوردستان، بەڵام چالاکییەکانی ئەم جۆرە بازڕگانیە لە ئێستادا لە قۆناغێکی سست و مەترسیداردایە، بەھۆیی نەبوونی متمانە و فێل و رۆشنبیری ئاستی کەسەکان لە بەکارھێنانی ئینتەرنیەت و خراپی ھێلەکانی ئینتەرنیەت و گەیاندن ھۆکاری سەرەکین، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەو گروپە جیاوازانەی ھەوڵی فرۆشتنی کاڵاکان دەدەن لەڕێگەی ئینتەرنیەتەوە بونەتە ھەرەشەیەکی گەورە لەسەر گەشەکردنی ئەم بازڕگانییە لە کوردستان چونکە زۆربەی ئەو تاکانەی کەوا ھەوڵی کڕینی پێداویستیەکانیان داوە لەڕێگەی ئەو گروپە جیاوازانەوە ئەوە لە فێل و ھەڵخەڵەتاندنیان چیتر نەبووە بۆیان، گرینگە حکومەت ئاگاداری ئەم گروپە جیاوازانە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵی دەرکردنی چەند یاسایەک بدات سەبارەت بە چالاکییە ئەلیکترۆنییەکان(سەرجەم بوارەکانی پەیوەست بەمە بۆ نمونە بەشێک لە کۆمپانیاکنی بازڕگانی ئەلیکترۆنی دراوەکان و جۆرەکانی تری کە بەهۆی چاودێرینەکردنیان و فێل و تەڵەکەبازیان ساڵانە بە دەیان ملیۆن دۆلار لە نەختی هەرێم کۆچ دەکات بۆ دەرەوە کە پێویستی بە دانانی یاسا و لێژنەی تایبەتە بۆ چاودێریکردنیان هەیە) لەلایەکی ترەوە، خراپی سێکتەری بانکی و بانکە ئەلیکترۆنییەکان لە کوردستان عێراقدا ئەنجامدانی کەرتی بازڕگانی لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە سستکردووە، بەگوێرەی خەمڵاندنێکی بانکی نێودەوڵەتی لەساڵی ٢٠١٦ سەدا ٨٩ی عێراقییەکان کە تەمەنیان لەسەروی ١٨ ساڵەوەیە ھەژماری بانکیان نیە تەنھا سەدا ١١ نەبێت، ئەمەش بەھۆی ھۆکاری جۆراوجۆر گرینگترینیان نەبوونی متمانە و پاراستنی سەرمایەکانیانە لەلایەن بانکەکان ھەر بۆیە سەدا ٨٩ی تاکەکانی عێراق لە ڕێگەی کاشەوە مامەڵەکانیان ئەنجامبدەدەن، بۆیە پێویستە حکومەت هەوڵەکانی بخاتە گەر لە پێشخستنی بواری بازڕگانی ئەلیکترۆنی و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان، هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی سێکتەری بانکی بەشێوەیەکی گشتی کە هەر لە بنەڕەتەوە ئەم سێکتەرەوە بەدەست چەندین گیروگرفت دەناڵێنێت، ئەگەر نا بەردەوامی ئەم دۆخە ئەگەر چی کاریگەری لەسەر سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵگا دروستکردووە، چارەسەرکردنی لە ئایندەدا گرفتێکی گەورە دەبێت دیارترین ئاماژەش ئەو فێل و هەڵخەڵەتاندنانەیە کە لەسەر ئینتەرنیەت بڵاوە.