یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

ووتار

ئایا بەتایبەتكردن بۆ ڕەوشی ئابووری كوردستان گونجاوە؟!

ئایا بەتایبەتكردن بۆ ڕەوشی ئابووری كوردستان گونجاوە؟!

بیلال سەعید

رۆژنامەنووس و شیكەرەوەی ئابووری
ڕۆژ بەڕۆژ پرۆسەی بەتایبەتكردنی لە هەرێمی كوردستان دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، قۆناغێك تەنیا لەپرۆسەی دابینكردنی خزمەتگوزاری گەیاندن و سووتەمەنی و لە ئێستاشدا بانگەشە یان پرۆسەی قۆناغ بەقۆناغی بەتایبەتكردنی پرۆسەی خویندن و كارەبا و تەندروستی دەخرێتە بواری جێبەجێكردن. بەڵام پرۆسەی بەتایبەتكردن تاچەند خزمەتی ڕەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان دەكات؟ ئایا ڕووكارە نیگەتیڤەكانی ئەم پرۆسەیە بۆ ژیانی هاوڵاتیان چۆنە؟
پرۆسەی بەتایبەتكردن، لە زۆرێك لە ووڵاتانی جیهان پەیڕەو دەكرێت و بەبەردەوامی كار لەسەر دەكرێت، بەبیانو و هۆكاری جیاواز بۆ نمونە:
1. خێراكردنی پرۆسەی ئەنجامدانی چاكسازی
2. زیادكردنی گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی
3. كەمكردنەوەی پرۆسەی گەندەڵی
ئایا هۆكارە جیهانییەكانی پشت پرۆسەی بەتایبەتكردن بەهەمان شیوە لە كوردستان بوونی هەیە؟ بەڵی بەدڵنیایەوە كوردستان لەهەر سێ‌ خاڵی سەرەوە لەگەڵ وڵاتی جیهان یەكدەگرێتەوە، بەتایبەت زیادبوونی گەندەڵی و لەسەرخۆی پرۆسەی ئەنجامدانی چاكسازی. جگە لەوەش پیویستە لەسەر ئەم بابەتە خاڵێكی دیكە زیاد بكەین ئەویش ئەوەیە لە وڵاتانی تاك سەرچاوە وەك عێراق و هەرێمی كوردستان بەبیانوی زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات زۆرجار پرۆسەی بەتایبەتكردن دەست پیدەكرێت!
پرۆسەی بەتایبەتكردن لەعێراق مێژووییەكی دور و درێژتری هەیە بەڵام دەكرێت بڵین قۆناغی خێرای بەتایبەتكردن دەگەرێتەوە بۆ دوای ساڵی 2003ە و پرۆسەی ئازادی عێراق، بەتایبەتر لەكوردستان لەدوای ساڵی 2014ەوە دەستی پێكرد، لەكاتێكدا لەپرۆسەی خزمەتگوزاری گشتی بۆ تایبەت لەوكاتەدا لە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار بوو چونكە لەیەك كاتدا چەند كێشەی جیاواز بوونی هەبوو وەك:
1. دروستبوونی قەیرانی دارایی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت
2. تێكچوونی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق.
3. زیادبوونی خەرجییەكانی حكومەت لەژێر كاریگەری زۆری ئاوارەی عێراق
4. زۆری خەرجییەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕی داعش
ئەم هۆكارە جیاوازانە جگە لەوەی ڕۆژ بەڕۆژ باری سەرشانی هاوڵاتیانی كوردستانی قورستر دەكردەوە لەهەمانكاتدا گۆرانی لە مووچەی مووچەخۆران دروستكردووە و چەندین مووچە خۆر ژیانیان تێكچوو، بەڵام لەم قۆناغە سەختە بەلەبەرچاوگرتنی هۆكارەكانی بەتایبەتكردن حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی بەتایبەتكردنی لەسەرخۆی دەستپێكردووە و ساڵانی داهاتوو دەكرێت بڵین زیاتر كاریگەریییەكەی دەردەكەوێت، بەڵام ڕەنگدانەوە نیگەتیڤەكەی بەتایبەت لە قۆناغێكی وەك ئێستا زۆر زیاترە چونكە داهاتی تاك لەهەرێمی كوردستان لەهەموو كات زیاتر لە كەمبوونەوەدایە..
هەرچەند حكومەت تا ئێستا بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا نایەوێت بڵێت پرۆسەی بەتایبەتكردن لەكوردستان دەست پیدەكەین بەڵام هەنگاو و كردارەكانی بەبیانوی:
1. باشتركردنی سیكتەرەكانی خزمەتگوزاری
2. ئەنجامدانی گۆرانكاری و چاكسازی
بەڵام لەڕاستیدا بەداخەوە هەنگاوەكەی حكومەتی هەرێمی ئەوەندەی لی دەخوێنرێـەوە زیاتر بۆ زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە و پشتكردنە ئابووری و دارایی عێراقە، نەك خەونێكی ستراتیژی ئابووری و دارایی و پلان بۆ دارێژراو لەپێناو فڕەڕەنگكردنی ئابووری...
هەرچەند هێشتا پرۆسەكە بەتەواوەتی نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن بەڵام بەخویندنەوەی واقیعی ئابووری هەرێمی كوردستان نەبوونی سیاسەتی فڕەڕەنگكردنی ئابووری لەم قۆناغە هەر هەولێكی خێراكردن لەپرۆسەی بەتایبەتكردن لەكوردستان ڕەنگدانەوە ئابووریی و داراییەكانی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان زیاتر دەردەكەوێت...
بۆیە وەك رۆژنامەنووس و شیكەرەوەیەكی ئابووری پیشنیاری كۆنفرانسێكی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان دەكەم كە پرسی بەتایبەتكردنی سیكتەرەكانی ئابووری بەشێكی گرنگی ئەم كۆنفرانسە بێت و ئامانجەكانی ئەم پرۆسە و لیكەوتەكانی زیاتر خویندنەوەی بۆ بكرێت لەبەرئەوە ئەگەر سەیری ئامانجی وڵاتان بكەین لە بەتایبەتكردن خۆی لەم چەند خاڵە دەبێنتەوە بەڵام ئایا لەكوردستان و وڵاتانی جیهان ڕەوشە ئابووری و دارایی و سیاسیەكانیان وەك یەكە یان نە؟!
بەهەمان شیوە زیانی جوراوجۆر لە پرۆسەی بەتایبەتكردن هەستپیدەكرێت و لە ئێستادا بەتایبەت لە پرۆسەی خزمەتگوزاری گەیاندن و سووتەمەنی هەستی پیدەكرێت بۆ نمونە:
1. بەهۆی نەبوونی ئیجرائات و نەبوونی ژیرخانی یاسایی زۆرێنەی جارەكان باشتركردنی و چالاككردنی پرۆژەكان زیاتر لەخزمەتی خاوەن پرۆژەكان بووە نەك هاوڵاتیان.
2. لەبەرئەوەی تا ئێستا ڕیكارو پەیوەندیی رێكخراوی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت دیارنییە، بۆیە لەو پرۆسانەی سەرەوە حكومەت بەتەواوەتی دەستبەرداری كەرتی گشتی بووە و تەواوی كەرتەكە گواستراوەتەوە بۆ كەرتی تایبەت و زۆرجار قۆرخكاری تاك لایەنە هاتووەتە كایەوە لەكەرتی تایبەت و زیادبوونی قازانجی بی ئەندازەی كەرتی تایبەت بەئاسانی هەستپیدەكرێت.
3. زیادبوونی بیكاری لەناو لاوان بەهۆی ئەوەی كەرتی تایبەت بەبەردەوامی پشت بەباشترین هێزی كاری دەرەوە و هەروەها بەرزترین ئاستی تەكنەلوجیا دەبەستێت لەكاتێكدا توانای ناوخۆیی بۆ بازاری كاری تایبەت ئامادەنەكراوە بەهۆی نەبوونی پەیوەندی نێوان بازاری كارو و زانكۆكان.
چەندین هۆكاری جیاوازی دیكەی نیگەتیڤ هەستپیدەكرێت لە پرۆسەی بەتایبەتكردنی كەرتەكانی گەیاندن و سووتەمەنی لەكوردستان بۆیە مەرج نییە تەواوی پرۆسەی بەتایبەتكردن لەبەرژەوەندی وڵاتان بێت بەتایبەت لەو ناوچانەی كە هێشتا دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەری ناتوانن رۆڵی خۆیان بگیرن...