یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

ووتار

رەهەندەکانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە بە تایبەتی کردنی کەرتە ئابووریەکاندا

رەهەندەکانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە بە تایبەتی کردنی کەرتە ئابووریەکاندا

نوسینی: شێرکۆ هەورامی*

کەرت تایبەت (private sectar) ئەمەش بەو کەرت و ناوەندە بازرگانی و موڵکە تایبەتیانە دەگوترێت، کە خاوەندارێتیەکەی لە لایەن کەس و کۆمپانیای تایبەت و دامەزاراوەی غەیرە حکومیەوە بەڕێوە دەچن. بە مانایەکی تر کەرتی تایبەت لە کۆمەڵە پیشە و کارێک پێکدێت، کە کەسێک یان کۆمەڵێک بە هۆی شارەزای و لێهاتووی بە دەستهاتوون و خۆیان لە بوارێکی دیاریکراودا، وەک راهێنان و پیشەگەری و پەروەردەی ئەکادیمی... هتد. هاوکات کەرتی تایبەت تەژیە لە ململانێ و کێبەرکی گەرم.
تایبەتمەندیەکانی کەرتی تایبەت، بە کورتی.
- کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری وڵات هەیە لە پاش کەرتی گشتی و حکومی، توخمێکە لە توخمەکانی هاوسەنگی ئابووری.
- هۆکارێکە لە هۆکارە راستەوخۆکانی بەگەڕخستنی هێزی کار، بۆ هاوکاری کەرتی گشتی.
- دابینکردنی مووچە و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی و داهاتی تاک .
- خێرا بوونی کارەکان و جیبەجێ کردنیان و دوورکەوتنەوە لە رۆتیناتی حکومی.
- لە ئەستۆگرتنی ژمارەیەک لە پرۆژە و راهێنان و فێرکردن و ئاوەدانی...هتد، لە هاوکاری کردنی کەرتی حکومی.
بوارەکانی کەرتی تایبەت
بوارەکانی کەرتی تایبەت بە گشتی دوو جۆرن:
1) کاری تاک، کە سەرچاوەی دارایەکەی سنوردارە و یان پیشەگەرێکی دیار و لە شوێنێکی سنوردار کارەکەی ئەنجام دەدات بێ ئەوەی دامەزراوە و ناوەندێکی فراوانی هەبیت و هاوکار.
2) کاری پێکەوەی، ئەم جۆرەیان زیاتر لە کەسێک بەشدارن لە شێوەی دامەزراوە و بە پرۆژەی گەورەتر و فراوانتر، لە سەر سیستەمی دامەزراو و کۆمپانیاکان یان هەندێ جاریش بۆ گروپی کۆمپانیاکان فراوانتر دەبیت. 

بەتایبەتیکردن، یان گواستنەوەی سێکتەرە حکومیەکان بۆ کەرتی تایبەت (الخصخصە)
بە کورتی گەر باسێکی بە تایبەتی کردن بکەین پێوەیستە جەخت لەسەر دەستەواژەکە بکەینەوە و بە پیناسە کردنی، بە تایبەتکردن (الخصخصە) پێناسەکەی بە پێی تێگەیشت و سەردەمەکان و کەسەکان جیاوازە وەک لە نێوان لایەنەکان و دەوڵەتانی ئەندامی رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدان لە بواری ئابووری جیاوازە. بەڵام هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن، کە ئەم کردارە بریتیە گواستنەوەی موڵکەکان و ئابووری گشتی حکومی بۆ سەر کەرتی تایبەت. ئەمەش خۆی لە گواستنەوەی سێکتەرەکانی جۆروەجۆری حکومی بەسەر کەرتی تایبەت دەبینێتەوە وەک گواستنەوەی کەرتی کارەبا لە حکومیەوە بۆ کەرتی گشتی و کەرتی پەروەردە و کەرتی خزمەتگوزاری شارەوانی و ....هتد.
بوارەکانی بە تایبەت کردن (الخصخصە)
بوارگەلی زۆر هەن کە دەکرێت حکومەت کاریان لەسەر بکات بۆ گواستنەوەیان بۆ سەر کەرتی تایبەت ئەمەش بە دوو جۆر دەبێت، کە دەکرێت تەواوی کەرتەکە بگوازرێتەوە وەک کەرتی گەیاند بە گشت بەش و پێداویستیەکانیەوە، یان کەرتی پەروەردە تەنیا لە رووی باڵەخانەوە و پێداویستی پەراوگە، بەڵام پرۆگرام و بەرنا و ئاراستە پەروەردییەکان هەر لەدەست حکومەتدا بمێنەوە. لە بوارەکانی بە تایبەت کردن وەک نموونەیەک دەتوانین ئاماژەبە بەچەند بوارێک بکەین لەوانەش :
- خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی. گواستنەوەی ئەم کەرتە بە گشتی بۆ کەرتی تایبەت لە کارمەند و باڵەخانە و ئالەتەکانەوە بگرە دا پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان. وەک پارکەکان و دابینکردنی ئاوی پاک و چارەسەری ئاوی قورس و ئاوەرۆکان و هەڵگرتنەوەی پاشەڕۆکان و چاکردنەوەی شەقام و رێگابانەکان و .....هتد.
- بە تایبەتیکردنی تایبەت(الخصخصە الخاصە)
ئەمەش بە کڕینەوە و هاوبەشیکردن کەسێک یان سەرمادارێکەوە بۆیە کەسێک لە کۆمپانیا یان دامەزراوەیەکی حکومی وەک کرێنەوەی بەشێک لە دامەزراوەی پەیوەندی و گەیاندن تەلەفۆنی ئەرزی نۆرماڵ، بۆ نموونە تەنیا بەشی گەیاندنی ئەنتەرنێت بدرێتە کەرتی تایبەت.
- بە تایبەتیکردنی پەروەردە و فێرکردن.
بە ناوەکەیدا دیارە کە بریتیەوە لە ئەستۆگرتنی بەڕێوەبردی کەرتی پەروەردە لە باڵەخانەکانەوە تا پێداویستی و کارمەندان و مامۆستایان، لەگەڵ دابینکردنی پەرتوک و پەراوگە و ... . ئەم سێکتەرە گرنگەش پێویستی بە چاودێری لایەنی تایبەتمەند و حکومەت و رێکخراوەکانیش هەیە.
سودەکانی بەتایبەت کردن (الخصخصە)
دەکرێت لێرەدا بەم شێوەیە باس لە سودەکانی بە تایبەتکردن (الخصخصە) بکەین.
- باشترکردنی تواناکان (الکفا‌ە)
بە هۆی پاداشتی زیاد و حەق دەست و چاودێری وردتری کۆمپانیاکان و تواناکانی دەستی کار زیاتر دەگەشێنەوە و زیاتریش پەرە بە کارەکانیان دەدەن.
- نە هێشتنی دەستێوەردانی سیاسی.
دەوڵەت و لە لایەن حزب و لایەنەکانەوە بەڕیوەدەبرێت و هەو ئەوانیش کابینەکان و دەستەکان دیاری دەکەن و کەسانی نزیک و ئەندامی خۆیان دادەنین، ئەمەش پاڵنەرەکانی کارکردنی پیشە و جوگرافی و شوێنی پەراوێزخراو کەمتر دەبینرێت و زیاتر پاڵنەری سیاسی و ناوچەگەرێتی لە پشت دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانەوەن.
- دوایهێنان بە پرۆژەی کورت مەودا. حکومت زیاتر پێداگری لەسەر پرۆژەی خێرا و کورتمەودا دەکاتەوە، وەک بەشێک لە کار و چالاکی و پروپاگەندەی هەڵبژاردن و خۆ شیرین کردن. کەرتی تایبەت بە هۆی سروشتی قازانج ویستی و کاری بەردەوام هەوڵی پرۆژەگەلی ستیراتیژی و دوور مەودا دەدات.
- زیادبوونی کێ بەرکێ، بە هۆی دەستکەوتی باشتری قازانج و بە هێزکردنی ئابووری کۆمپانیا و راکێشانی سەرنجی موشتەری و بەکاربەر، هەردەم کێ بەرکێ لە بەرهەم و بە بازارکردن و باشترکردنی تواناکانی دەستی کار لە ژینگەی کەرتی تایبەتدا دەستەبەرن.
کۆمەڵناسی و بە تایبەتی کردن
هیج کۆمەڵگایەک لەسەر زەوی بوونی نییە، کە جۆرێک لە ئاڵوگۆری شمەک و دراو و ئابووری لە نێوان تاکەکانیدا نەبێت. لەسەردەمە کۆنەکانەوە مرۆڤ هەستی بەوە کردوە، کە هێندێ لە کەرەستەکانی خۆی لێزیادە و هاوکات بڕێکی زۆریش لە شمەکی پێویستە، کە بە خۆی ناتوانێت دەستەبەریان بکات، ئەمەش وای لە مرۆڤ کردووە بیر لە ئاڵوگۆڕی شمەک بکاتەوە تا دەگاتە ئاستی سەرهەڵدانی دراوی کانزای و ئەسکەناز و دواجار بانکداری و .....هتد. ئەم پەرەسەندنە تا ئەوکاتەی مرۆڤەکان بۆ خۆیان دەیانتوانی ئیداری ژیانی خۆیان بدەن ئاسان بوو، وەلێ هەر زووش لەوە تێگەیشتن دەبێت ناوەندەکان و ئیدارە و حکومەتیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و ئابووری و دابینکردنی پێداویستی ژیان و خزمەتگوزارییەکان. ئیتر حکومەت بوە باوک و بەرپرسی دابینکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی مرۆڤەکان، بەڵام ئەم قۆناغەش هەر زوو پەرەی سەند و کەسان و دامەزراوەی وەها پەیدا بوون کە دەیانتوانی باشتر لە حکومەت کار بکەن بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک، بە هۆی هێزی ئابوورییەکەیانەوە سەرمایەداری درکەوتوو و دواجار کەرتی تایبەت وەک نیمچە جێگرەوەیەکی کەرتی گشتی سەی هەڵدا.
کۆمەڵناسی و رێکخستنی کار
زانستی کۆمەڵناسی گرنگیەکی تایبەت بە کارکردنی تاک دەدات لە نێوان کۆمەڵگادا وەک پەیوەندیەکان و هەڵسوکەوت و چالاکیەکانی لەبواری چێ‌لاکی ئابووریەکانیدا زیاتر جەخت دەکاتەوە بە هۆی گرنگی ئەم بوارە، چونکە زیاتر پەیوەستن بە ژیان و گوزەران و مانەوەی مرۆڤەکانەوە. کۆمەڵناسی شرۆڤە و لێکوڵینەوە بۆ سیستەمی پیشەسازی و رێکخراوەکان و پەیوەندی نێوان دیارە ئابووریەکان و کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگا دەکات. هەروەها لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەسەر کاریگەری ئابووری و کەرتەکانی گشتی و تایبەت لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگا دەکات.
باشتر کردنی گوزەرانی تاک و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگا و پەیوەندەی کۆمەڵایەتییەکان دەبیت. زۆرن ئەو کۆمەڵگا و وڵاتانەی بە هۆی خرابی گوزەران و گەندەڵی و داتەپینی ئابووری، حکومەتەکانیان لەدەست داوە و ئاسایشی کۆمەڵایەتیان کەوتۆتە مەترسیەوە. بە گشتی کۆمەڵناسی کار دەکات بۆ لێکۆڵینەوەی دامەزراوەکان ، شیکردنەوەی رەفتارەکانی بەڕێوە بردن ، لێکۆڵینەوە لە ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی، لێکۆڵینەوە لە رەفتارەکانی رێکخراوەی و دیراسەی تواناکانی کارمەندان و کرێکاران. شیکرندەوەی هەڵسوکەوتەکانیان.
هۆشیاری کۆمەڵایەتی
گرنگە ئاگاداری هۆشیاری کۆمەڵگا بین و بتوانین ئاستەکانی بزانین تاوەکو پلانەکان لەسەر ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا بنیاد بنێت، بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ گەشەی ئابووری وڵات و باشتر کردنی گوزەرانی تاک ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگاش بەرزبکرێتەوە لە دەرک کردن بە گۆڕانکاریەکانی نێو کۆمەڵگا. بۆ نموونە هاتنی تەکنەلۆژیای پەیوەندی و مۆبایل و تۆڕەکانی ئەنتەرنێت، پێویستی بە هۆشیاری بەکار بەرو بە لارێدا نەبردنی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە هەیە. هۆشیاری کۆمەڵایەتی (social consciouness) بەشداری تاکە لە کۆمەڵگا وەک هاوبەشێکی کارا. ئوسوفسکی بە کۆمەڵێک چەمک و تێگەیشتن لێیان پێناسەی دەکات. کە لە نێو کۆمەڵگادا باون، سەرەتا بە شێوەی ئاشکرا و لە ناو کۆمەڵگادا روو دەدەن دواتر تاکەکانی تر دەبنە هەڵگری بەشێک لەو خەسڵەتانە. زۆرن پێناسەکان و رای زانایان بۆ نموونە کارل مارکس جەخت لەسەر هۆشیاری چینایەتی دەکاتەو و بە گرنگتری دەزانێت.
بە گشتی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە هەست کردن بە دەورووبەر و ئەوەی کە تێدایە و هەبوونی زانیاری لە بارەیانەوە. چ ئەو بابەتانەی کە راستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی تاکەوە یان ناراستەوخۆ کاریگەریان هەیە. چەندین جۆر لە هۆشیاری هەیە، وەک هۆشیاری بەخۆی و هەرەمەکی، هۆشیاری فیکری و قوڵ، هۆشیاری هەست و نەستی، هۆشیاری پێوەرە ئەخلاقیەکان... هتد.
هەرچی لە بارەی هۆشیاری کۆمەڵایەتیەوەیە بابەتێکی سۆسیۆلۆژیە کاریگەرە راستەوخۆکانی لەسەر ژیانی تاک و تێگەیشتنی لە ژینگەی کۆمەڵایەتیەکەی هەیە. ئەم هۆشیاریەش ئەنجامی پەیوەندی کارلێکی کۆمەڵایەتی ئێمە و دەوروبەرمانە بە لایەنی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکەیەوە.
هۆشیاری کۆمەڵایەتی و مێژووی هزری کۆمەڵایەتی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، کە ئێمە لێرەدا ناپرژێنە سەری و هاوکات لە رووی زمانەوانیشەوە تێگەیشتن و لێکدانەوەی جیاوازی هەیە.
ئەوەی ئێمە دەمانەوەێت لەبارەیەوە بدوین هۆشیاری کۆمەڵگایە لە بارەی ژیان و گوزەران و ئابووریە. ئەمەش بە شێوەیەکی زانسیاتیەبانە و ئەکادیمیانە کە نەک تەنیا داهاتی تاک، بەڵکو ببێتە بنەمایەکی پتەو بۆ ئابووریەکی بەهێز و گەشە سەندووی بەردەوامی کۆمەڵگا لە بواری بەرهەمهێنان و بە گەڕخستن و هاوردە و هەناردە....
هاندانی سەرمایەداران بۆ لە ئەستۆگرتنی بەشێک لە گشت یان گشت لە سێکتەرێک و بەتایبەتی کردنی بۆ کەرتی تایبەت، باشترین هۆاکار و هاوکاری حکومەتە لە رووی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە.
ئەم تایبەتیکردنە مەرج نییە تەنیا لە یەک بواردا بێت، دەکرێت بۆ نموونە کەرتی کارەبا بگرێتەوە، بەڵام سامانی نیشتیمانی و بەنداوەکان و وێستگە و سەرچاوەکانی وزە بە دەست کەرتی گشتیەوە بن. یاخود دەکرێ کەرتی خزمەتگوزاریەکان وەک دابینکردنی ئاوی خواردنەو و دوورخستنەوەی ئاوەرۆکان و بدرێتە کەرتی تایبەت، بەڵام سەرچاوەکانی ئاوەکان و ئیدارەدانی روبار و دەریاچەکان و بیرەکان لەدەست حکومەت بێت. دەکرێت گەشتگوزار لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە ببرێت، بەڵام هاتنە ناوەوەی گەشتیار و چاودێری سنورەکان و پاراستنی ئارامی لە ئەستۆی حکومەتدا بێت. ئەمەو چەندان نموونەی دیکە، بەو مەرجەی نەبنە بارگرانی بەسەر داهاتی تاک و هەژارانەوە، ریزپەڕبوون هەبیت بۆ کەسانی خوار هێڵی هەژاری و کەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت و کەس و کاری شەهیدان و پێشمەرگەکان.
ئەم بە تایبەتیکرندەش سەرناگرێت گەر هۆشیاریەکی کۆمەڵایەتی باشی لە پشتەوە ەبێت، کە بە کەسێک و ناوەندێک ناکرێت. پێویستە سەرجەم کۆمەڵگا هۆشیار بکرێتە و ولە سودەکانی بە تایبەتیکردن (الخصخصە). ئەمەش دوو لایەنەیە، یەکەم هانی سەرمایەداران بدرێت بەوەی بەشێک لە دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزاری لە ئەستۆ بگرن و لایەنی دووەمیش کە هاوڵاتیان و بەکاربەرانن لەوە تێبگەن کەرتی تایبەت بە مانا مۆنۆپۆڵ و دەسبەسەراگرتن نایەت و بەشێکە لە کۆی گشتی پێکهاتەی وڵات و کۆمەڵگا. لەم بوارەدا لقە زانستی کۆمەڵناسی ئابووری دەتوانێت بە هاوکاری لقە زانستیەکانی دیکە و زانستەکان و ناوەندەکانی تر هاوکاری باشی هۆشیاری کۆمەڵایەتی بن لە بەروەدان بە بیرۆکەی بە تایبەتیکردن (الخصخصە).
داوجار ئەوە بە بەکاربەر بگات، کە مەرج نییە کەرتی تایبەت کەرتی بەرەڵای بێت و بێ سانسۆر و چاودێری، رۆڵی میدا نابێت فەرامۆش بکرێت لەم بوارەدا و ناوەندە ئەکادیمی و لێکۆڵینەوکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش دەتوان رۆڵی پۆزەتیڤ بگێڕن. بنیادنانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری هاوسەنگی و هاوڵاتی سالار پێویستی بە ماندووبون وقوربانیدانی گشت لایەک هەیە بە هۆشیاریەکی ئاست بەرز و نیشتیمان ویستی.