یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

ووتار

کەرتی پیشەسازی لەچاوەڕوانی کابینەی نوێدا

کەرتی پیشەسازی لەچاوەڕوانی کابینەی نوێدا

ديارى شيخه

کاتێک سەرچاوەی داهات لەهەر وڵاتێک یاخود هەرێمیک (تاقەنە) بێت , هەرگۆڕانکاری سیاسی لەناوخۆ ناوچەکە ڕووبدات , ئابووری خودی ئەو وڵاتە تووشی سەر لێشواوی دەبێت, باشتریننموونە عێراقە بەهەرێمی کوردستانەوە, چوارساڵی پێشبینی نەکراو شکاندنی بەڵێنی سیاسی و بڕینی بەشە بودجە و کشانەوەی کۆمپانیا بیانیەکان و کەڵەکەبوونی هەزاران دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا لە چاوەڕوانی دامەزارندا لەکەرتی حکومی ,نەبوونی پلان( بی).

هەموو ئەمانە ئەوەدەردەخەن کە پشت بەستن بەیەک سەرچاوە هیچ شتێکی لێ سەوز نابێت و هەرگیز ئابووری ئەو وڵاتە گەشە ناکات, لەسەروی ئەمانەوە چەندین فشار و بڕیاری زیان لێدروا بۆسەر بازرگان و سەرمایەداران و بوونی مەرجی دژ بە ئابووری کوردستان. لەماوەی چوارساڵدا بەشێوەیەکی ئاشکرا بەردەوام هەبووە. ڕەنگە وانەیەکی باش بێت , کە چیدی بەوپەڕی متمانەوە پشت بەبەڵێنە سیاسیەکان بەرهەمی بێ کوالێتی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە نەبەستین ,نزیکەی پێنج هەزارکارگەی گەورە و بچووک مۆڵەتی کارکردنیان هەیە بەڵام ئێستا سێ بەشی ئەو کارگانە تۆز لەسەر ئامێرەکانیان نیشتوە و لەکار وەستاون, ڕەنگە کارێکی ئاسان نەبێت لەماوەیەکی کورتدا ئەو کارگانەوە بتوانێت پێداویستی ناوخۆ دابین بکه‌ن یاخود سەرجەمیان بەگەڕ بخرێنەوە, ئەمەش پێویستی بەوەیە سەرجەم کارگە مۆڵه‌تدارەکان لەلایه‌ن وەزاره‌تی بازرگانی و پیشەسازییەوە ڕێک بخرێتەوە و جارێكی دیكه پلە بەندی بۆ بکرێت, تا ئەو کاتەی خواست و بەکارهێنان لەسەر کاڵاوبەرهەمەکان دەردەکەون, ئەمەش ئاسانکاری تەواو بۆخودی کارگە ناوخۆییەکان و دەروازەکان دەکات , سنورێک بۆ هاوردەکردنی کاڵاو بەرهەمەکان دابنرێت و ڕەچاوی ئەوبەرهەمانە بکرێت کە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێندرێت. ئەوەی گرنگە ئەم کابینە نوێیە لە کابینەکانی پێش خۆی پێویستە بەجدی کاری لەسەر بکات، پاڵپشتی و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنە ناوخۆییەکان تا ڕادەی پێویست بکات. پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەشێک لەپرۆژە یاسای وەبەرهێنان هەموار بکاتەوە. سەبارەت بەکەرتی پیشەسازی بەتایبەتی بۆ ئەو وەبەرەهێنە بیانیانەی کە دەیانەوێت لەهەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکه‌ن جۆرێک دڵنیاییان لێوەر بگێرت لەڕووی پاڵپشتی چەکی بەنکیەوە ئەمەش متمانه‌ دەگەڕێنێتەوە بۆبانکەکانی کوردستان یاخود بەهاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەرێکی ناوخۆیی کارەکە بكات، چونکە سەدان پرۆژەی تەواونەکراو هەن کە لەلایه‌ن وەبەرهێنه‌ بیانیەکانەوە بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێوە بەنیوە چڵی جێهڵدراون سه‌ره‌ڕای وەرگرتنی بودجەیەکی زەبەلاح، کابینەی نوێی حکومەت ئومێدێکی زۆری سەرمایەدار و وەبەرهێنه‌ ناوخۆیەکانی لەسەر هەڵچنراوە، چونكه‌ دەیەوێت جارێکی دیکە سەرمایەکانیان لەناوخۆ بەگەڕبخەنەوە، ئیدی حکومەت بەتەواوی پاڵپشتی ئەو کەرتە بکات. کەرتی پیشەسازی هاوتای ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بکات، هەنگاوێکی گەوره‌بهاوێژێت كه‌ ئەویش پشت بەستنه‌ بە کاڵاو بەرهەمی ناوخۆ بەباشترین کوالێتی، کە لەڕێگای ئەم کەرتەوە هەزاران هەلی کار دەڕه‌خسێت و جوڵه‌یەکی هەست پێکراو و متمانیەکی زۆر بەبازاڕەکەوە دەدات، هاوکات پاڵپشتی ئەم کەرتە باری سەرشانی حکومەت بەجۆرێک ئاسان دەکات، بۆ داهاتوو بیر لەوەبکرێتەوە بەشێک لەکەرتە خزمەتگوزاراییەکان ڕادەستی کەرتی تایبەت بکرێت، ڕەنگە ئەم گۆڕانکارییە بۆ مەودایەکی کورت خایه‌ن هەڵکشان و داکشان لەسەر نرخی کاڵا و بەرهەمەکانی ناوخۆ دروست بكات ئەمەش شتێکی ئاساییە و بەردەوام لە وڵاتە تازەپێگەششتوەکان ڕوویداوە، تا ئەو کاتەی کەرتی پیشەسازی وەک سەرچاوەی دابین کردنی بەشێک لەداهاتی ناوخۆ پشتی پێده‌به‌سترێت، هەرکاتێکیش دابینکردنی بەشێک لەپێداویستیەکانی ناوخۆ چووە سەر ڕێچکەی خۆی، هەموو ئەمانە وادەکات تەنیا وەک یەدەگێک یاخود کەمتر لەسەدا پەنجا پشت بەزێڕی ڕەش ببیەسترێت، هاوکات هەڵکەوتەی سنووری جوگرافیای کوردستان یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆئەوەی سەرجەم ئەو کاڵا و بەرهەمانەی زیاد لەخواستی ناوخۆ بەرهەم دێت، هەناردەی بەشێکی زۆر لە پارێزگاکانی خوار و ناوه‌ڕاستی عێراق و بەشێک لەوڵاتانی درواسێ بکرێن، بۆیە ئاڕاستەکە پێچەوانە دەکاتەوە لە هاوردەکردن بۆ هەناردەکردن، بۆیە چاوه‌کان لەسەر کابینەی نوێن و چاوەڕەنکراوە ئومێدی زۆرمەزن بۆ برەودانی کەرتی پێشەسازی لەکابینەی نوێدا هەن، ئەمەش کوردستان دەکاتە نموونەیەکی باشی گەشەی ئابووری لەناوچەکەدا، بۆیە هێنانەدی کەرتی پیشەسازی تاکە دەرچە و ساڕێژکردنی بەشێکی زۆر لەکێشەکانی ناوخۆیه‌، بۆئەوەی جارێکی دیکە کوردستان نەبێتە قوربانی ساغکردنەوەی بەرهەمی بێ کوالێتی و داخستنی دەروازەکان و فشارە سیاسیەکانی وڵاتانی درواسێ. ئەزموون وەرگیراوە تەنیا جێبەجێکردنی ماوە.