یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

ووتار

هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت هەڵێكە بۆ گەشەسەندنی ئابووری كوردستان

هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت هەڵێكە بۆ گەشەسەندنی ئابووری كوردستان

اسكندر محمد

دوای گەشەسەندنی هەرپرۆسەیەكی ئابووری كۆمەڵك كێشەی نوێ‌ سەرهەڵدەدات بۆیە سەرهەڵدانی هاوبەشی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەت(Public Private Partnership) كە بە (PPP) ناسراوە لە ئەنجامی كۆمەلێك تەنگژەی ئابووری سەری هەڵداوە كە مێژووی رووداوەكانی دەگەرێتەوە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كە دوای ئەوەی یەكێتی سۆڤیەتی جاران هەڵوەشایەوە وحكومەتە تازە سەربەخۆكان توانایان نەبوو بە تەنها هەموو پێداویستیەكانی لە رێگەی كەرتی گشتی دابین بكەن، دیارترین ئەو وولاتەی كە لە بواری هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت پێشەنگە وولاتی فەرەنسایە كە بەپێی ئاماری ساڵی 2004 زیاتر لە 91 پرۆژەی هاوبەشی واژۆ كردوە كە دیارترینیان لە بواری گواستنەوەیە كە لە كۆیی 11000 كیلۆمەتر 8500 كیلۆمەتری خاوەنداریەتی كەرتی تایبەتە جگە لە وولاتی فەرەنسا كۆماری توركیاش خاوەن پێگەیەكی دیارە لە وەبەرهێنان و هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت كە بە پێی توێژینەوەیەكی بانكی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 لە كۆیی 139 وولات توركیا لە پلەی دووەم دێت كە توركیا خاوەنی پێنج پرۆژەی گەورەی هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەتە لە ئەوروپا و رۆژهەلاتی ناوەراست ، ئەمەش لە ئەنجامی جێبەجێ‌ كردنی داواكاریەكانی یەكێتی ئەوروپا دێت بۆ چاكسازی لە پەیكەری ئابووری وولات، بۆیە بەهۆی زیاد بوونی ئەزموونی وولاتان ئێستا ئەم پرۆسەیە بۆتە بابەتێكی گرینگی ئابووری لە ناو دامەزراوەكانی حكومەت و سەنتەرەكانی توێژینەوەی ئابووری لە جیهاندا،بۆیە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە كۆمەڵك رێكار دەزانێ‌ كە رێگە بە كەرتی تایبەت دەدرێ‌ بۆ پێشكەش كردنی خزمەت گوزاری بۆ ژێرخانی ئابووری بە شێوەیەكی هاوبەش كە پێشتر كەرتی گشتی بە شێوەیەكی تەقلیدی پێشكەشی دەكرد ، بەلام بانكی نێودەولەتی بە شێوەیەكی تر پێناسەی دەكات كە بە گرێبەستێكی درێژخایەن دەزانێ‌ لە نێوان دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت و حكومەتەكان بە مەبەستی پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری گشتی كە كەرتی تایبەت بەرپرسیاریەتیەكەی لە ئەستۆ دەگرێت ، كە ئەم پرۆسەیەش دەتوانرێت بۆ ئابووری هەرێمی كوردستان هەمان گرینگی هەبێت كە خۆیی لە كۆمەڵك رێكاری جۆراوجۆر دەبینێتەوە كە بە پەنابردن بۆ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و كاركردن لەگەڵیان بەشێوەیەكی هاوبەش دەتواندرێت ژێرخانێكی پتەوی ئابووری دروست بكرێت بەتایبەت لەپرۆژە ستراتیژیەكانی وەكو كارەبا و رێگاوبان و دامەزراوەكانی تەندروستی و خوێندنی باڵا كە ئێستا پێویستیان بە بنیات نانەوە وپێشخستن هەیە بەڵام حكومەت بە تەنیا ناتوانێ‌ ئەم كارە ئەنجام بدات ،لەگەڵ ئەوەش دا بۆ هەرێمی كوردستان سەرەتایەكی باش دەبێت بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت رۆڵی خۆیی بگێرێت و گەشەیەكی فراوان بكات و ئەزمونێكی باش دەست بخات و ببێتە خاوەن كۆمپانیا و دامەزراوەی ئابووری بەهێز كە لە ئایندەدا دەبێتە پاڵپشتێكی باش بۆ ژێرخانی ئابووری كوردستان ، كە سروشتی هاوبەشی كەرتی هاوبەش و تایبەت وایە كە تەنها هاوبەشی كردن نیە لەسەر قازانج و سەرمایە بەڵكو هاوبەشی كردنە لەسەر رووبەروو بونەوەی مەترسیەكان ، چونكە لەم پرۆسەیەدا كەرتی تایبەت هەموو لایەنەكانی تەكنیكی و ئیداری و زیادكردنی بەرهەم و پێشخستنی دامەزراوەكە دەگرێتە ئەستۆ لە بەرامبەردا كەرتی تایبەت ژینگەی كارەكە و یاسا و رێنمایەكان وێداویستیە گشتیەكان دەگرێتە ئەستۆ بۆیە لەكاتی روودانی هەر كارەساتێك یان رووداوێكی سروشتی هەردوولایەن بەرپرسیاریەتی مەترسیەكان هەڵدەگرن، كە بەم خاڵەی لە پرۆسەی تایبەتمەندی بوون جیادەكرێتەوە چونكە لە تایبەتمەندبوون سێكتەرێكی تەواو بە هەموو پێداویستیەكانی رادەستی كەرتی تایبەت دەكرێت بەپێی گرێبەستێك كە حكومەت تەنها رۆڵی چاودێری دەبینێت .
لەم پرۆسە ئاڵۆزە ئابووریەدا حكومەت ئامانجێكی گەورەی هەیە ئەویش گۆرینی چاڵاكیەكانیەتی لە بەكارخستنی ئامرازەكانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریە گشتیەكان و ووردبوونەوە لە زیاتر پێشخستنی سیاسەتی ئابووری دووركەوتنەوە لە رۆتینیاتی بچووك ، بۆ ئەوەی بتوانێ‌ چاودێرێكی چر بكات لە پرۆژەكان و زیاتر بەرزكردنەوەی كوالیتیان و حكومەت دەتوانێت خۆی رزگار بكات لە كۆمەلێك دامەزراوە كە سەرقاڵیەكی زۆری بۆ دروست دەكات ،بۆیە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆسیە لە كوردستان چەندین كێشەی جیاواز بۆ كەرتی گشتی چارەسەر دەكات وەكو بەكارهێنانەوەی دووبارە كارمەندانی كەرتی گشتی لە كەرتی تایبەت كە دەبێتە فاكتەرێكی گرینگ بۆ كەم بوونەوەی قورسایی كارمەندان لەسەر حكومەت و دووبارە هێنانی ئامێر و تەكنەلۆژیایی نوێ‌ بۆ دامەزراوەكانی كەرتی گشتی .
بەڵام نابێ‌ ئەوەش لەیاد بكەین سەركەوتنی هەر ستراتیژیەتێكی ئابووری پێویستی بە ژینگەیەكی گونجاو و میكانزم و پێداویستی گرینگترینیان بریتین لە چاكسازی و پێشخستنی چوارچێوەی یاساكانی تایبەت بەم بوارە و پەرەپێدانی دامەزراوە ئابووریەكان و هەلمەتی راگەیاندن بۆ دروست كردنی رای گشتی بۆ ئەوەی كۆمەڵگا هۆشیار بكرێتەوە لە گرینگی ئەم پرۆسەیە ، سەرەرای ئەمانەش پاڵپشتی سیاسی لەسەر ئاستی نیشتمانی كە دەبێتە فاكتەرێكی باش بۆ سەرخستنی پرۆسەكە و دیاری كردنی ئەو سێكتەرانەی كەپێویستیان بە هاوبەشی هەیە لەگەل بوونی ئیرادەیەكی بەهێز لە لایان كەرتی گشتی بۆ كاری هاوبەش و ئەنجام دانی گرێبەستی تۆكمە بۆ ئەوەی لە ئایندە پێش بگیرێت لە كێشەی گەورە, چونكە شاراوە نیە پرۆسەی هاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت وەكو هەموو پرۆسەیەكی ئابووری بێ‌ كێشەو مەترسی نیە كە دیارترین مەترسی لە دەست دانی كۆنترۆڵ كردنە لە لایان كەرتی گشتی ومەترسیە سیاسیەكان و نەبوونی كولیتی بەرهەم و دەست نیشان كردنی كۆمپانیای بێ‌ ئەزموون و دژیایەتی كردنی پرۆسەكە لە لایان كۆمەڵگا، بەلام لە گەڵ ئەم مەترسیانەش كۆمەڵێك سوودی هەیە وەكو كەم كردنەوەی قورسایی دارایی لەسەر كەرتی گشتی و هێنانە كایەی گیانی پێشبركێ‌ و دامەزراندنی ئەو پرۆژانەی كە حكومەت بە پێویستیان دەزانێ‌.
بۆ ئەوەی دووربین لە مەترسیەكان پێویستە بەر لە دەست پێكردنی ئەم پرۆسیە چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ ئەنجام بدرێت و ئەو سێكتەرانە دیاری بكرێن كە پێویستە بە هاوبەشی بەرێوەببردرێن و هەوڵ بدرێت سوود لە ئەزموونی وولاتان وەبگیرێت و دامەزراوەیەكی باڵای بۆ دروست بكرێت بۆ ئەوەی نەكەێتە ناو رۆتین لە دیوێكی ترەوە پاڵپشتی كەرتی تایبەت بكرێت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكات و خۆیی بە بەشێك لە پەرەپێدانی كۆمەڵگا بزانێت نەك تەنها قازانجی مادی .