یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

ووتار

كارەبا و بەتایبەتكردن راگرتن پاڵانس و رەچاوكردنی بەرژەوەندی نێوان هاوڵاتیان و حكومەت و كۆمپانیاكان

كارەبا و بەتایبەتكردن راگرتن پاڵانس و رەچاوكردنی  بەرژەوەندی نێوان  هاوڵاتیان  و حكومەت و كۆمپانیاكان

شەماڵ نوری
هەڵبەتە لەم قۆناغەدا رادەستكردنی سێكتەرەكانی كارەبا بەكەرتی تایبەت ئیجابیات و لایەنی نێگەتیڤی خۆی هەیە، دابەشبوونی بۆچوونەكان بەسەر دوو بەرەی لایەنگران و نەیاراندا، شتێكی ئاساییە بەو پێیەی كارەبا بەیەكێك لە كەرتە گرنگەكان دادەنرێت كە پەیوەندی راستەوخۆی نەك تەنیا بە بواری ئابووری و وڵاتەوە هەیە، بەڵكو پەیوەندی بە سەرجەم تاكەكانی ناو كۆمەڵگاو باری بژێوی ژیانیشەوە هەیە، كەواتە نابێت ئەم بابەتە ببێتە بابەتێكی سیاسی و تەنیا بۆ موزایەدەی سیاسی باس و خواسی لەسەر بكرێت، راستە هەردوو بەرە بیانوو پاساوی خۆیان بۆ راوبۆچوونەكانیان هەیە، بەڵام بەتایبەتكردنی كەرتی كارەبا و وزە لە هەموو دنیادا بەستراوەتەوە بە دۆسێكانی ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژییەتی دوور مەودای وڵاتەوە. كەواتە پێش هەموو هەنگاوێك پێویستە دیراسەی ( كەڵكی ئابووری ) پرۆژەی بەتایبەتكردنەكە بخرێتە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەی زانستی و هەڵسەنگاندنی هەموو لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەكانەوە، ئەمەش لەپێناو ئاشنابوون بەم هەنگاوە گرنگە و سەركەوتنی پرۆژەكە، چونكە زۆر لە شارەزایان و پسپۆرانی كەرتی كارەبا تەنانەت لەناو خودی وەزارەتی كارەباش دا ئەو راستیەیان نەشاردۆتەوە كە پەلە كردن لە راپێچكردنی كەرتی كارەبا بەكەرتی تایبەت زیانی خۆی هەیە، لەچەندین بۆنەشدا بەرپرسانی باڵای وەزارەت ئاماژەیان بەوە كردووە كە راپێچكردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا پێویستی بەیاسا و هەمواركردنی زۆر لەو رێنماییانە هەیە كە چەندین ساڵە تۆزی لەسەر نیشتووە، بەتایبەتی لە ئێستادا كە دەنگۆیەكی زۆر هەیە ئەم وەزارەتە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەناو چوارچێوەی وەزارەتێكی نوێ بەناوی وەزارەتی وزەوە كۆبكرێنەوە، تەنانەت هاتنی گەورە كۆمپانیاكانی جیهان و بەشداریكردنی كۆمپانیا ناوخۆییەكان بۆ بەشداریكردن لە وەرگرتنی بەشێك لە سێكتەری دابەشكردنی كارەبا بەس نییە، بەڵكو پێویستی بە راگرتنی پاڵانس هەیە لەنێوان بەرژەوەندی هاوڵاتیان (هاوبەشانی كارەبا) و حكومەت و كۆمپانیاكان، ئەمەش كارێكی قورسە بەڵام ئاستەم نییە ئەگەر سەیری ئەزموونەكانی وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا بكەین. پرسیارە گرنگەكە لێرەدایە ئەوەیە؛ لەكاتێكدا سێكتەری بەرهەمهێنانی كارەبا دراوەتە كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان بەڕێوەی دەبەن( جگە لە هەردوو وێستگەی دوكان و دەربەندیخان ) ئایا لە ئێستادا مەترسی پێدانی كەرتی دابەشكردنی كارەبا بە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە چی دایە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش سەرەتا پێویستە دیراسەیەكی ووردی سێكتەری دابەشكردنی كارەبامان لەبەردەستدا بێت، كە بەتەئكید دوای چوار ساڵ شەڕی داعش و زیاتر لە 5 ساڵ گەمارۆو نەبوونی بودجە ئەم كەرتە لەدۆخێكی باش دا نییە، ئیتر چۆن كۆمپانیاكانی بیانی و ناوخۆ بەبێ بودجەیەكی باش دەتوانن روو بكەنە ئەم كەرتە و قازانجیشی لێبكەن و زیانیش بەبەرژەوەندی گشتی نەگەیەنن، لەمەدا وەزارەتی كارەبا باشی كردووە كە سەرەتا سەرقاڵی جێبەجێكردنی (پرۆژەی كارەبا بۆ هەمووانە) كە بەشێكی گرنگی بریتییە لەدانانی پێوەری زیرەك و رێكخستنەوەی دابەشكردنی كارەبا ، تاوەكو لەو رێگایەوە ئەو هەڵكشانە خێرایەی بەكارهێنانی وزەی كارەبا رابگرێت كە لەهەردوو وەرزی زستان و هاویندا دەچێتە سەرووی 5000 مێگاوات، لەكاتێكدا لە ئێستادا بەپێی تواناكانی بەردەست و بوونی بودجە تەنیا لەتوانایدا هەیە 2500-2700 مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنرێت، ئەمە وێڕای پێویستی نۆژەنكردنەوەو صیانەكردنەوەی تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەباو فراوانكردنی وێستگەكانی گۆڕین( دابەشكردن) كە پێویستی بە تۆڕی گواستنەوەو دابەشكردن و وێستگەی 400 كی ڤی هەیە، كە لەم قەیرانەو سەرقاڵبوونی حزبەكان بەململانێ سیاسییەكان و دامەزراندنی حكومەتێكی بنكە فراوانی هەموو حزبەكان كاتێكی زۆری دەوێت ئەوە ئەگەر وەكو ساڵانی پێشوو هەر لەناو بازنەیەكی داخراودا نەسوڕێینەوە، هەربۆیە گرنگترین خاڵی دەستپێكردنی پرۆژەكە لە كەرتی دابەشكردنی كارەبا و كۆكردنەوەی كرێی بەكارهێنانی كارەبادایە، چونكە ئەو نەزیفە بەردەوامەی نێوان تێچوونی كارەبا و نرخی كارەبا كەم دەكاتەوە، دواتر دێینە سەر دەیان بابەتی تری پەیوەندار بە هۆشیاری بەكارهێنانی كارەبا و چۆنیەتی دروستكردنی باڵەخانەو خانووەكان و دانانی عازل بۆ گەرماو سەرماو بەكارهێنانی ئەو ئامێرانەی وزەی كارەبا كەم رادەكێشن و دەركردنی یاسایەك بەوەی سەرپێچیكردنە سەر كارەبا جۆرێك بێت لە تاوانی دزی و سزای تایبەتی خۆی بۆ دانرێت. هەروەها پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێتە بەر كە هەندێكی دەست بەجێبەجێكردنی كراوە لەوانە:
1- ئامادەكردنی پرۆژەی كەڵكی ئابووری رادەستكردنی بەشێك لەسێكتەری دابەشكردنی كارەبا بەكەرتی تایبەتـ، هاوكات سەرجەم پرۆسەكە لەگەڵ شارەزایان و كۆمپانیا بەناوبانگەكانی ئەمبوارە تاوتوێ بكرێت.
2- ئەزموونی بەرهەمهێنانی كارەبا لەلایەن كەرتی تایبەتەوە نرخ و تێچوونێكی زەبەلاحی ویستووە و بەشێكی گەورەی بودجەی ئەم هەرێمە بۆ دابینكردنی سوتەمەنی غازو گازوایل چووە بەشەكەی تریشی بۆ كڕینی كارەبا چووە، كە هەرهەمووی لەماڵی گشتی سەرف دەكرێت، هەربۆیە پێویستە گەورە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا خۆیان سوتەمەنی دابین بكەن یاخود پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانیاندا بكرێت.
3- تێچوونی نرخی كارەبا بۆ هاوڵاتیان پاڵپشتی كراوە، كەواتە ئەوەی باروبژێوی ژیانی باشەو كارەبا زۆر خەرج دەكات بڕی پاڵپشتیكردنەكەی زۆرەو هەژارەكە كەمتر حكومەت پاڵپشتی دەكات، ئەمەش جۆرێك لە ناعەدالەتی تێدایە، هەربۆیە پاڵپشتیكردنەكە لەماوەی 5 ساڵدا هەنگاو بەهەنگاو كەم بكرێتەوە.
4- بەهۆی قەیرانی داراییەوە داهاتەكانی وەزارەتی كارەبا بەرادەیەكی بەرچاو رووی لە كەمی كردووە، هەربۆیە ناتوانرێت داهاتێك لەم كەرتە دەست بكەوێت، هەربۆیە دەبێت بەدوای هاندەرێكدا بگەڕێین تاوەكو ئەو قەرزانە بدرێتەوەو خەڵكی پابەندی پێدانی نرخی كارەبا بن بۆ ئەمەش پێویستە نرخی كارەبای پۆلی هاوڵاتیان ( موچەخۆران ) لەسیستەمی پاشەكەوتی موچە بدرێت بۆ ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری قەرزەكانی سەر هاوڵاتیان( موچەخۆران) نەهێڵدرێت و دواتر هەنگاوی كۆكردنەوەی نرخی كارەبا بگیرێتەبەر.
5- پرۆژەی پێوەری زیرەك كە ئێستا هەنگاوی باشی بڕیوە كاری زیاتری جیددی و ووردی تێدا بكرێت و گەورە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان بهێنرێنە ناو پرۆسەكەوەو سوود لە كەسانی شارەزاو پسپۆر لەرێكخستنی گرێبەست و واژوو كردنی رێككەوتنامەكان وەربگیرێت.
6- لەهەردوو وەرزی زستان و هاویندا هاوڵاتیان زیانێكی گەورە دەكەن چونكە پێدانی كارەبا كەم دەبێتەوەو موەلیدەی ئەهلی كارەبایەكی زیاتر دەدەت بەپارەیەكی زۆر، هەربۆیە پێویستە وەزارەتی كارەبا لەم دوو وەرزەدا پلانێكی گونجاوی هەبێت و ئاستی هۆشیاری خەڵكی بەرز بكاتەوە.
7- ئەگەر هەنگاو بۆ بەتایبەتكردن نرا پێویستە چارەنووسی ئەو كرێكارو كارمەندانەی كە ساڵانێكە لەخزمەتی ئەمبوارەدان دیاری بكرێت و هەموو مافەكانیان زامن بكرێت و ئارەزوومەندانانە چەند هەڵبژاردنێكیان بۆ دابنرێت.
8- دابینكردنی بودجەیەك بۆ هۆشیاری بەكارهێنانی كارەباو پەرەپێدانی سەلامەی پیشەسازی .
لەهەمووشی گرنگتر وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە ئایا لەكاتێكدا وزەی كارەبا لەم هەرێمەدا بەو تێچوونە بەرزە بەرهەم دەهێنرێت و ئەو پارە زەبەلاحە لەسەر حكومەت دەكەوێت ئەگەر خواست بەو رێژەی ئێستا ساڵانە روو لەزیاد بوون بكات حكومەت توانای ئەو پاڵپشتیكردنەی نرخی كارەبای دەمێنێت ؟
من هەرگیز وەكو ئابووریناسێك لەگەڵ ئەوەدا نەبووم كە سیستەمی سەرمایەداری و ئابووری بازاڕ باشترین نزام و بەڕێوەبردنی ئابوورییە ، بەڵام لە ئێستادا لەم سیستەمە باشتر نییە دەكرێت لەناو سیستەمەكەدا بەدوای ئەو ئەزموونانە بگەڕێین كە رەچاوی بارودۆخی بژێوی هاوڵاتیان و داهاتی راستەقینەی تاكەكەسیان كردووە، واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان نابێت راستەوخۆ سیستەمێكی بەتایبەتكردنی كەرتی كارەبای رۆژئاوایی كۆپی بكات بەڵكو بەپێی ڕاگرتنی پاڵانسی بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتیان و حكومەت و كۆمپانیاكان لە پاڵ رەچاوكردنی حەزو ویستی خەڵكید ئابووری بازاڕ بەقەد باڵای خۆمان پیادە بكات، چونكە ئێستاكە پێناسەیەك بۆ ئابووری بازاڕو كەرتی تایبەت لەسەرجەم وڵاتان نییە بەڵكو ئەوان بەرنامەیەكی وایان داڕشتووە كە لەگەڵ واقیع و بگرە تەنانەت كلتووری هاوڵاتیانیشیاندا دەگونجێت، كاتی ئەوە هاتووە لەگەڵ هەر هەنگاوێكی ستراتیژی و گەورەی گرنگ هاوڵاتیانیش ئاگادار بن و هەموو لایەنەكانی ئیجابیاتی پرۆژەكە پێش دەستپێكردنی بلاوبكرێتەوە ئەمەش لەگەڵ هەموو پێوەرەكانی شەفافیەت و حوكمڕانی باش و ئازادی رۆژنامەگەری و دەنگی هاوڵاتیاندا دەگونجێت و لەكاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە هاوكاری و یارمەتیەكی زۆری سەركەوتنی پرۆژەكە دەستەبەر دەبێت.