یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

ووتار

بێمەی سەیر

بێمەی سەیر

بێمە ئەو زامنكردنەیە كە لە پێناو روبەروبوونەوەی ئاستەنگەكانی ژیان كە دوچاری جەستا یا پارەكانی مرۆڤ دەبێتەوە ، ئەمەش بە كۆكردنەوەی پارە لە لایەن ئەو خەڵكانەوە وبەكارهێنانی بۆ هەر یەكێك لەوانە لە كاتی پێویستدا ، ئەم بێمەیە لە گەڵ بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگا زیاتر دەبێت چونكە بە هۆی زۆربوونی مەترسیەكانی رۆژانە پێداوستی زیاتر بۆ بێمە زیاد دەكات ، ئەم بێمەیەش لە نێوان یاسا و مەترسیەكان هاوسەنگ دەبێت و پشت بە داتاو سەرژمێری دەبەستێت ، ئەو كۆمپانیانەی مامەڵەی بێمە دەكەن لە لایەكێ‌ ترەوە سود لە كاری وەبەرهێنان دەكەن و بەمەش دوو لایەنە سودمەند دەبن لە رووی ئابورییەوە ، لە جیهاندا جۆرەها بێمە هەیە لەوانە بۆ خانووبەرەو تەندروستی و كاڵا و شتومەك و ئوتۆمبێل , ئەمانە جگە لەوەی جۆرە بێمەیەك هەیە بۆنموونە شوفێری بارهەڵگر سەبارەت بە سەرپێچی هاتوچۆی لە رووی وەستان لە شوێنی قەدەغەكراو و یا لێخۆرینی لەرادەبەردەر هەیە ، بەڵام لە هەموویان سەیرتر جۆرە بێمەیەكی دی كە تەنها لای بەناوبانگ و هونەرمەندان و گورانیبێژ بوونی هەیە ئەوێش بێمەیە لەسەر بەشێك لە جەستە كە هۆكاری ناوبانگەكەیەتی و بۆ بەردەوامبوونی لە كارەكانیاندا ، یاریكەری تۆپی پێ‌ دیڤید بێگهام تەنها بۆ قاچەكانی بێمەی بە بڕی 70 ملێون دۆلار داوە ، هونەرمەندی بەناوبانگ دانیال كریغ كە رۆلی جیمس بۆندی گێرا بە بڕی 9 ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلار بێمەی لەسەر هەموو جەستەی داناوە ، چونكە بە بڕوای ئەو جۆڵانەوەی جەستەی شایانی ئەو بێمەیەیە ، جولیا رۆبەرتی هونەرمەندی ئەمەریكی تەنها بۆ خەندەی لێوەكانی بڕی 30 ملیۆن دۆلاری بێمەی داناوە ، جینیفەر لوپێش هونەرمەندی ئەمەریكی بەناوبانگ كە تەنها بۆ یەك بەشی جەستەی 27 ملیۆن دۆلار بێمەی داناوە ، بروس سبرینجستینی گورانبێژ بڕی 6 ملێون دۆلار بۆ بیمەی ژێیەكانی دەنگی تەرخانكردووە ، ماریا كاری هونەرمەند بە بڕی یەك ملیۆن دۆلار بۆ قاچەكانی بێمەی دابین كردوە ، هۆلی مادیسونی هونەرمەند یەك ملیۆن دۆلاری بێمەی كڕیوە تەنها بۆ یەك بەشی جەستەی ، رێهانا گورانبیژی ئەمەریكی بە بڕی یەك ملێون دۆلار بێمەی بۆ پێیەكانی تەرخانكردووە ، گورانیبیژ دولی بارتۆن بڕی 600 هەزار دۆلار بێمەی تەنها بۆ یەك بەشی جەستەی داناوە ، بەداخەوە زۆرجار لێرە هەر بە تەواوەتی مانای بێمە نەزانراوە تاوەكو بازرگانی پێوەۆبكرێت و مامەڵەی خەیاڵی بەو جۆرە پارێزگاریكردنەوە بكرێت ، سەیر لەوەیە مرۆڤ هەیە لە جیهاندا لەبەر نەداری و نەبوونی بەشێك لە جەستەییان دەفرۆشن هەرچەندە زۆر پێویستیان بەو ئەندامەی جەستەیان هەیە ، واتە ناهاوسەنگیەكی دابەشكردنی دارایی لە نێوان سەرمایەدارە بە نێو بانگەكان و هەژارەكانی جیهان هەیە ، ئەوان لە پێناو داهاتوو و ئەندامەكانی جەستەیان پارە دەدەن و ژیان مسۆگەر دەكەن لە هەمان كاتدا هەژارەكان لە پێناو ئێستا بڕیك پارە بۆ بژێوی ژیانیان پارەی جەستەی خۆیان وەردەگرن و داهاتوویان دەكەن ژێر مەترسیەكی نادیار .

شيلان بيبانى