یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

هەواڵ

هەولێر و كەبزە پەیوەندیە ئابووریەكانیان بەهیز دەكەن

هەولێر و كەبزە پەیوەندیە ئابووریەكانیان بەهیز دەكەن

رێكەوتی 15/4/2019 پرۆتۆكۆلیی لێكتێگەیشتن لە نێوان یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و ژووری بازرگانی گەبزە واژۆكرا ، سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانیی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان دكتۆر دارا جەلیل خەیات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "شارۆچكەی گەبزە بەناوبانگە و دووەم شارە لە هەناردەكردن و بوونی كارگەی گەورە و بەتوانا. ئەمڕۆش ژووری بازرگانی ئەوێ لێرەن و رێككەوتننامەیەكمان واژووكرد بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەكان و هیوادارین كە بازرگانان بتوانن پەیوەندیی بازرگانی دروست بكەن كە ئامانج لێی خزمەتكردنی بازرگانییە". لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكەش، دكتۆر دارا جەلیل خەیات گوتی: "ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكە بریتییە لەوەی پەیوەندی دووقۆڵیمان هەبێت و ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان بكەین دەربارەی بازرگانی و بتوانین ئاسانكاری بۆ بازرگانان و خاوەنكاران بكەین". هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی گەبزە، نایل چیلەر گوتی: "ئەمڕۆ لە بواری پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانمان لێرەین، سەرەتا بازرگانانی ئێمە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ شوێنەكە دەكرێت لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان". سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی گەبزە گوتیشی: "یەكەمجارە دێمە هەرێمی كوردستان و وا هەست دەكەم لە ئورفا و ماردین-م، پەیوەندییەكی مێژوویی و كولتووریی بەهێز لە نێوانماندا هەیە". نایل چیلەر گوتیشی: "شاندەكەی ئێمە لە ١٣ كەس پێكهاتووە، هەندێكیان پێشتر وەبەرهێنانیان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەم سەردانەش زیاتر مەبەست لێی پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەردوولایە و لێرە رەوشێكی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بكرێت". ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە شارۆچكەی گەبزە هێندەی٦٠ شاری توركیا بازرگانی لێ دەكرێت و ١٠٣ ناوەندی گەشەپێدانی كاڵاكانی هەیە و نۆ ناوچەی پیشەسازیشیی تیادایە. هەر لەهەمان رۆژدا شاندی بازرگانی شاری كەبزە بەیاوەری دكتۆر دارا جلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگاری هەولێریان كرد و لەلایان نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر پێشوازیان لێكرا و لە دیدارێك دا باسیان لە چۆنیەتی توندوتۆڵ كردنی پەیوەندیە ئابووریەكانی نێوان هەولێر و گەبزە كرا .