یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

هەواڵ

كۆنفرانسی بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە بەڕێوەبردنی پاشماوە رەقەکان

كۆنفرانسی بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە بەڕێوەبردنی پاشماوە رەقەکان

‎ ‎بە ئامادەبوونی نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار، د. دارا جەلیل خەیات سەرۆکی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسان و کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی شاری هەولێر بە سەرپەرشتی رێکخراوی (UNDP) و حکومەتی ئەڵمانیا و ژووری بازرگانی هەولێر، رۆژی ١٤/٤/٢٠١٩ كۆنفرانسێك بۆ بەشداریکردنی کەرتی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی پاشماوە رەقەکان سازکرا. ‎سەرەتای كۆنفرانسەكە وتاری بەخێرهێنان لە لایەن د. ئەنوەر ئەحمەد راوێژکاری پێشکەوتوو لە پەرەپێدانی بەردەوام و کارگێڕی لە یەکێتی ژوورەکان پێشکەشکرا. ‎لە وتارەکەیدا باسی لە پیسکردنی ژینگەی کوردستان کرد بە تایبەت سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارەکان، هەروەها رێگا چارەکان بۆ زیاتر تەشەنە نەکردنی ئەم دیاردەیە لە هەمان کاتیشدا چەندین وێنەی ژینگەی کوردستان نیشاندرا کە پیسکردنی بە پاشماوەی رەق رووندەکردەوە. ‎لەم وۆرکشۆپەدا نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی گەشت و گوزار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد هەوڵەکانی وەزارەت و حکومەتی باس کرد لە خاوێنکردنەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوە رەقەکان و زبڵ و خاشاک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکان، هەروەها باسی لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم کرد لە سوود وەرگرتن لەم پاشماوانە بە رێگای دووبارە بەکارهێنانەوە بەهۆی دامەزراندنی کارگەی تایبەت و رێگری کردن لە هاوڵاتیان لە پیسکردنی ژینگە بە پاشماوە رەقەکان. ‎وەزیری شارەوانی وتی: ساڵانە لە هەرێمی کوردستان ٧٥٠٠ تەن خاشاک هەڵدەگیرێتەوە لە لایەن کەرتی تایبەت کە حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ کردوون ژمارەیان ٢٩ کۆمپانیا دەبێت بە بودجەی ١٢ ملیار دینار، کۆکردنەوەی ئەم خاشاکە بە رێژەی ٩٥٪یە، ئەوەی کە دەمێنێت خاشاکی شوێنە گەشتیارەکان و نێوان شار و شارۆچکەکەکانە ئەویش لە بەرنامەمان دایە گرێبەست لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تر بکەین بۆ ئەم مەبەستە. ‎سەبارەت بە دووبارەبەکارهێنانەوەی ئەم پاشماوانە (ریسایکلین) وەزیری شارەوانی وتی: لە ئێستادا لە شاری دهۆک و شارۆچکەی ئاکرێ دوو کارگە بۆ ئەم مەبەستە کاردەکەن لە شارەکانی تری هەرێمیش بەهۆی قەیرانەکانی ئەم دواییە نەتوانراوە کارگەی ریسایکلین دابنرێت بەڵام لە بەرنامەمان دایە لە ماوەی داهاتوو لە هەموو شار و شارۆچکەکان دابمەزرێنین. ‎وتاری دكتۆر دارا جەلیل خەیات لە ژێر ناونیشانی ئاسۆی ئابووری سەوز لە هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا. ‎ئیمڕۆ سیاسەتکارانی دونیا خۆیان لە بەرامبەر واقعێکی ئاڵۆز دەبیننەوە ئەویش تێکەڵاوبوونی کێشەکانی خراپ بەڕێوەبردنی سامانە سروشتیەکان و کێشەکانی ژینگە و گۆڕانی کەش وهەوا یە ‎گومان لەوەدا نیە کە بابەتی ژینگە و کێشەکانی پەرەپێدانی ئابووری لە کوردستان تێکەلاو بوونە لە گەل کۆمەڵێک تەحەدیاتی ئەمنی لە چەند بوارێکی چارەنووسساز وەک قەیرانی خۆراک و ئاو و وزە لە هەردو ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی . ‎بۆیە بابەتی ئەکتیڤکردنی رۆڵی کەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری گشتگیر لە سەر ئاستی نیشتمانی بە پێویستە لە پێشینەکان دەژمێردرێت بە تایبەتیش لە سایەی ئاراستە نوێەکان بەرەو ئابووری بازاڕی ئازاد و ئینجا دەستکردن بە پرۆسەی زیندووکردنەوەی ئابووریە تەقلیدیەکەمان وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری ، ‎ بۆیە زۆر پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە پرۆسەی چاکسازی ئابووری نابیت لە سەر حسابی پیسکردنی ژینگە بێت لە کوردستان چونکە ئەوە بەرەو کێشەی بەڕێوەبردنی قەیرانێکی گەورەمان دەبات لە گەل سروشت. ‎لە لایەکی تری هاوکێشەکە پێویستە پلاندانانی شارەکان و ناوچە شارستانیەکان بە شێوەیەکی باشتر بێت سەرەڕای هۆشیاری ژینگەیی کە تاکەکانی کۆمەڵگە چ لە ماڵ بن یانیش لە قوتابخانە و شوێنەکانی خودا پەرستن و کۆمەڵگەی مەدەنی هەمووان بەرەو بیرۆکەی یەکانگیری تاک و سروشت بچن بە شێوەیەکی بیرمەندانە ، ‎لە هەمان کاتدا پێویستمان بە چاودێری تەندروستی هەیە لەکوردستان لە گەل پاراستنی ژینگە کە تەواوکاری یەکتر بن بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی پۆزەتیڤانە بێت لە سەر بەرهەمی تاک و کۆمەڵ. ‎لێرەوە رۆڵی کەرتی تایبەت دێت بە پاڵپشتکردنی رەوەڕەوەی پەرەپێدانی ئابووری لە چوارچیوەی پاراستنی ژینگەی کوردستان و ئەوەش نایەتە دی بێ دەرکردنی یاسای پەیوەندار و دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی و پەرەپێدانی وزە مرۆییەکان. ‎هەر بەو ئاراستەیەش ئیمڕۆ کەرتی تایبەت و UNDP ئەم وۆرکشۆپەیان رێکخست. ‎دووبارە بەخێرهاتنی مێوانە بەڕێزەکان دەکەین و هیوادارین بەشداری کارا بکەن بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی ئابووری بەردەوام لە وڵات و گەیشتن بەو پەرەپێدانە گەورەیەی دونیا بە خۆیەوە دەبینێت کە لە بنەڕەتدا بەندە بە گەشەکردنی کەرتی تایبەت. ‎پێویستی بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە بەڕێوەبردنی پاشماوە رەقەکانی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان ئەمە ناونیشانی وتارێک بوو لە لایەن د. رەعد حەسەن خەلیل شارەزای جێبەحێکردنی پرۆژە، UNDP، پرۆگرامی ژینگە و وزە و گۆڕانکاری کەش و هەوا پێشکەشکرا. ‎لە وتارەکەیدا باسی لە داتا و راپۆرتەکانی رێکخراوە ناحکومیەکانی کرد تایبەت بە فڕێدانی پاشماوە رەقەکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها جۆری ئەم پاشماوانە و چۆنیەتی دووبارە بەکارهێنانەوەیان، ئەوەشی خستە روو کە زۆرێک لە پاشماوەکان کاریگەری تەندروستی خراپی هەیە لەسەر هاوڵاتیان و تێکەڵ بە پاشماوەکانی تر دەکرێت. ‎دواتر بە سەرپەرشتی د. ئەنوەر ئەحمەد و د. ئاراس قادر خۆشناو سەرۆکی سەنتەری کوردستان بۆ زانیاری و لێکۆڵینەوە ستراتیجیەکان سێ دانیشتی هاوتەریب ئەنجام دران. ‎دانیشتنی یەکەم: یەکتربڕی تەندروستی و ژینگە بۆ د. عەتیە ساڵحی راوێژکاری پێشووی بەڕێز سەرۆک وەزیران لە هەرێمی کوردستان/ چاودێری تەندروستی گشتی و بەڕێوبەری رێپێدراوی ئێستای نەخۆشخانەی هەوار. ‎دانیشتنی دووەم: رێگای جێگرەوە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پاشماوە رەقەکان بۆ د. سراج گۆران سەرۆکی بەشی زانستەکانی ژینگە، کۆلێژی زانست لە زانکۆی سەڵاحەددین. ‎دانیشتنی سێیەم: پلانی بەردەوام لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ د. مهند جۆرج رەسام دکتۆرای فەلسەفە لە ئەندازیاری ئاوەدانکردنەوە و دیزاینی شارستانی، راوێژکاری پلاندانانی شار. ‎دوای گفتوگۆی ئامادەبووان و بەڕێوبەری دانیشتەکان خاڵە سەرەکیەکان و تێبینی ئامادەبووان کرایە راسپاردە و پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.