یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

هەواڵ

دیدارێکی بازرگانی هەولێر و ئامەد سازکرا

دیدارێکی بازرگانی هەولێر و ئامەد سازکرا

‎رۆژی ٢١/٤/٢٠١٩ بە ئامادەبوونی د. دارا جەلیل خەیات سەرۆکی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان ، مەمەد قایا سەرۆکی ژووری بازرگانی ئامەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی شەرناخ و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری هەولێر و ئامەد و ژمارەیەک لە بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی شاری ئامەد و هەولێر دیدارێکی بازرگانی لە نێوان ژووری بازرگانی هەولێر و ئامەد سازکرا. ‎سەرەتای دیدارەکە د. دارا جەلیل خەیات سەرۆکی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی وتارێکی پێشکەش کرد سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی شاری ئامەدی کرد کە هەمیشە خوازیاری پتەوکردنی پەیوەندییەکان بووە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ‎سەرۆکی یەكێتی وتی: پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گشت شارەکانی تورکیا پەیوەندییەکی توند و تۆڵ و بەهێزە، رۆژ بە رۆژیش لە پەرەسەندایە، ئێمە هەوڵی زیاتریش دەدەین بە بەشداری کردن لە کۆنفڕانس و پێشانگاکانی هەردوولا. ‎وتیشی هەلی وەبەرهێنانی باش هەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، دەتوانن لە هەرێمەوە کار لە هەموو عێراق بکەن، ئەگەر چی لە ماوەی رابردوو بەهۆی شەڕی تیرۆرستانی داعش و نزمبوونەوەی نرخی نەوت زۆرێک لە پرۆژەکان وەستابوون بەڵام لە ئێستادا هەموو شتێک ئاسایی بۆتەوە و رۆژ بە رۆژ کارەکان دەست پێدەکەنەوە و وەبەرهێنانی زیاتر دەکرێت. ‎سەرۆکی ژوور وتی بەهۆی کارئاسانی و بوونی یاسایەکی تەواو لە بەرژەوەندی وەبەرهێنەران، کۆمپانیا تورکیەکان دەتوانن چ بەتەنیا یاخود هاوبەش لێرە لقی کۆمپانیاکانی خۆیان بکەنەوە و وەبەرهێنان بکەن. ‎مەمەد قایا سەرۆکی ژووری بازرگانی ئامەد رایگەیاند: ئێمە شاری هەولێر بە ماڵی خۆمان دەزانین سەرەتای پەیوەندییەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ٢٠٠٦-٢٠٠٧، ئێمە پڕۆتۆکۆلمان واژوو کردووە ئەمڕۆش پەیوەندییەکانمان دەگەیەنین بە لوتکە. ‎وتیشی ئێمە هەوڵمانداوە هەموو ئەو بەربەستانەی دێنە پێش بازرگانانی هەردوولا بیگەیەنین بە سەرووی خۆمان بە مەبەستی چارەسەرکردنی، وامان کردووە زەمینەسازییەکی لەبار بۆ بازرگانان سازبکەین هەموو لایەکیش پێشوازی لە هەنگاوەکانمان دەکەن. ‎مەمەد ئەوەشی خستە روو کە هەوڵدەدەن رێگای فیشخابوور نۆژەن بکرێتەوە هێڵی هەولێر - ئامەد بکەینەوە، سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی ژووری هەولێر دەکەین کە هەمیشە هەوڵیان داوە پەیوەندی پتەو دروست بکەن لەگەڵ گشت ژوورەکانی وڵاتی تورکیا. ‎هەر لەم دیدارەدا سەرۆکی ژووری بازرگانی شەرناخ وتەیەکی پێشکەش کرد باسی لە گرنگی پەیوەندییە بازرگانیەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد، وتیشی لەم سەردانەدا دەمانەوێت چەند پرسێک باس بکەین تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە بوونەتە رێگر لە بەردەم بازگانانی هەردوولا بە مەبەستی چارەسەرکردنی. ‎شایانی باسە کۆمپانیا بەشداربووەکانی ئەم دیدارە بەیانی بەشدار دەبن لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئاوەدانکردنەوە و بیناسازی و وزە.