یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

چاوپێکەوتن

بەڕێوەبەری گشتی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل: فرۆكەخانەكان رۆڵیان لەگەشەی كەرتی تایبەت هەیە

بەڕێوەبەری گشتی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل: فرۆكەخانەكان رۆڵیان لەگەشەی كەرتی تایبەت هەیە

كەرتی فرۆكەوانی و رێگای ئاسمانی لەهەرێمی كوردستاندا راستەوخۆ پێوەندیی بە ژیان و بژێوی هاوڵاتیانەوە هەیە، بەتایبەتی لە هەرێمێكی وەكو كوردستاندا كە رێگەی دەریایی نییە تاوەكو راستەوخۆ بەجیهانی پێشكەوتوومان ببەستێتەوە، فرۆكەخانەكانی هەرێمیش لەچەند ساڵی رابردوودا جگە لە بواری بازرگانی و بیزنس بۆ خزمەتی گەشتیار و گواستنەوەی نەخۆش و بریندارەكانی شەڕی داعش و گەیاندنی یارمەتی و كۆمەكەكان بۆ ئاوارە و لێقەوماوەكان رۆڵی گرنگیان گێڕاوە، فرۆكەخانەكان دەروازەیەكی نوێیە بۆ گەشتكردن و بازرگانی و لایەنی مرۆیی، هەربۆیە راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەهەردوو فرۆكەخانەی ئەربیلی نێودەوڵەتی و سلێمانی نێودەوڵەتییەوە لەلایەن بەغداوە لەژێر هەرچی پاساو و بیانوویەكدا بێت زیانێكی گەورە بەكارە مرۆیی و ئابوورییەكان گەیاندووە، بەتایبەتی گەربێتوو ئەم گەمارۆ ئاسمانییە هیچ پەیوەندییەكی بەگرفتی تەكنیكی و سەلامەی فرۆكەوانی و یاساكانی فرۆكەوانییەوە نەبێت، ئەوەتا لەساڵی 2005 ەوە ئەم فرۆكەخانانە هیچ گرفتێكی تەكنیكییان نەبووە، هەربۆیە كاتی ئەوە هاتووە یاساكانی فرۆكەوانی لەعێراقدا وەكو هەموو جیهانی دەرەوە راستەوخۆ ببەسترێتەوە بەدەسەڵاتێكی مەدەنییەوەو لەلایەن كەرتی تایبەت یاخود بەهاوبەشی لەنێوان حكومەت و كەرتی تایبەت بەڕێوەببرێت و سەربەخۆییەكی تەواوەتی پێ بدرێت، ناكرێت گەمارۆ و سزای ئابووری بێ هیچ یاساو بڕیارێكی نێودەوڵەتی راستەوخۆ لەسەر گەلێكی ئازاد بسەپێنرێت و زیانی ئابووری گەورە بەم كەرتەو بوارەكانی تری بازرگانی و پیشەسازی و بیزنس بگەیەنرێت، تەلار فایەق بەڕێوەبەری گشتی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری سامان لەم بارەیەوە دەڵێت: (فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاو ئەفریقیا لەسەر ئاستی خێرایی گەشەو فراوانبووندا لەریزبەندی یەكەم بووە، تەنانەت ئەو گەشەسەندنەی فرۆكەخانەی ئەربیل بەخۆیەوە بینی جێگای سەرسوڕمانی زۆربەی شارەزایانی ئەم بوارە بوو، ئەمە جگە لەوەی لەشەڕی داعش دا سەدان برینداری شەڕەكە لەم فرۆكەخانەیەوە بۆ چارەسەركردن نێردراونەتە دەرەوەی هەرێم، لەبواری هاوكاری ئاوارەو لێقەوماوەكانیشدا جگە لەسەفەری كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە مرۆییەكان چەندین كۆمەك و هاوكاری گەیەندراوەتە زیاتر لە 1 ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەناهەندە..). سەبارەت بەلایەنی ستانداردی ئەم فرۆكەخانەیەش بەڕێوەبەری فرۆكەخانەكە دەڵێت: ( فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل بەپێی پێوەرو مەرجی سەلامەتی جیهانی كار دەكات و خاوەنی چەندین بڕوانامەو خەڵات و پێزانینی نێودەوڵەتییە).
لەروانگەی ئابووریشەوە فرۆكەخانەكان بەشادەماری كەرتی گواستنەوە دادەنرێن و هۆكارێكی بەهێزن بۆ گەشەكردن و پێشخستنی بوارەكانی بازرگانی و گەشتیاری و پیشەسازی، بگرە لەحاڵەتی كوردستاندا فرۆكەخانەكان جێگرەوەی ڕێگای دەریایی یە، پێش داخستنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن بەغداوە هەرێمی كوردستانی لەباكورەوە بەتوركیاو ئەوروپاو لە رۆژهەڵات بە ئێران و لەخواروو بە پایتەختەكانی بەغداو ئوردن و وڵاتانی كەنداو دەبەستەوە، واتا فرۆكەخانەكانی كوردستان وایكردبوو هەرێمەكە ببێتە ناوچە و شوێنێكی ستراتیژی لەنێوان وڵاتانی ئاسیاو ئەوروپا، لەناوخۆشدا گەشتە زۆرە ئاسمانییەكان ئەو راستیەیان دەردەخست كە فرۆكەخانەكان چی رۆڵێكیان لە گەشەكردنی كەرتەكانی گەشتیاری و بازرگانی و ئابووری و خێرخوازی و مرۆیی هەبووە. بەشێوەیەكی گشتی رۆڵی لەگەشەی كەرتی تایبەت هەیە ئەو كەرتەی زۆربەی هەلی كاری لەخۆگرتووە. لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل وتی: لەهەرێمی كوردستان ژمارەیەكی یەكجار زۆری كرێكارو خەڵكی ئاسایی كاروبژێوییان لەسەر ئەم دوو كەرتەیە و بەهۆی راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانەوە كۆمپانیاكان و كرێكارانی فرۆكەخانەكان دووچاری زیان و بێكاری بوون، ئێمە پێش داخستنی فرۆكەخانەكە جگە لەهەڵكشانی ژمارەی گەشتیار و گەشتە ئاسمانییەكان توانیمان ببینە مینبەرێك بۆ بەستنەوەی هەرێمی كوردستان بەجیهانی دەرەوەو كارئاسانییەكی رادەبەدەر بۆ هاوڵاتیان و باڵیۆزەكان و بیزنسكاران و وەبەرهێنان پێشكەش كرا بەڕادەیەك لەشەڕی داعش دا بەسەدان هاوڵاتی و بیزنسكاری عەرەب و ناوچەكانی تری عێراق و سیاسەتمەداران لەم فرۆكەخانەیەوە گەشتیان دەكرد، هەرلەبەر ئەمەشە چەند فرۆكەخانەكان خزمەتگوزاری جۆراوجۆری تێدا بێت زیاتر پێشدەكەوێت و رۆڵی زیاتر دەبێت لەپەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و بەرزكردنەوەی ئاستی پێشكەوتنی كەرتە جۆراوجۆرەكانی ئابووری چ لەئاكامی رۆڵە ئابوورییەكەی یاخود لەوەی فرۆكەخانەكان سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتن بۆ گەنجینەی حكومەت. سەبارەت بەزیانەكانی داخستنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان خاتوو تەلار فایەق وتی: ( فرۆكەخانەو هەرێمی كوردستان و ئابوورییەكەشی بەگشتی زیانێكی گەورەی بەركەوتووە، تەنانەت چەندین پرۆژەی گەورە لەناو خودی فرۆكەخانەكەدا بەهۆی گەمارۆكەوە راگیراوە، چونكە پێشتر بەتێكڕا رۆژانە زیاتر لە 60 گەشتی ئاسمانی لەم فرۆكەخانەیەوە ئەنجام دەدرا، ئێستاكە كە بڕیاری كردنەوەی فرۆكەخانەكان دەرچووە دۆخەكە بەرەو ئاسایبوونەوە دەچێت و گەشتەكان زیادیكردۆتەوە بەمشێوەیە فرۆكەخانەكان رۆڵێكی گەورەی لە پێشكەوتنی ئابووری و گەشەكردنی كەرتی تایبەت هەیە هەربۆیە دەبێت مەسەلەی گەشتە ئاسمانیەكان و فرۆكەخانەكان دووربخرێتەوە لەململانێ سیاسییەكاندا .