یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

چاوپێکەوتن

عەبدولزەهرە هینداوی: هەریمی كوردستانی لە بواری گەشەسەندنی كەرتی تایبەت و وەبەرهێناندا هەنگاوی باشی ناوە

عەبدولزەهرە هینداوی: هەریمی كوردستانی لە بواری گەشەسەندنی كەرتی تایبەت و وەبەرهێناندا هەنگاوی باشی ناوە

دوای تاوتوێكردنی لە گەڵ نوێنەرانی كەرتی تایبەتی و لایەنە پەرەپێدەرە كاریگەرەكان لە عێراق، دەستەی راوێژكاران لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پلانێكی درێژخایەنی ستراتیژی بۆ ماوەی (2014 تا 2030) وەك نەخشەرێگەیەك بۆ پتەوكردنی هەوڵەكانی حكوومەت بەمەبەستی پەرەپێدانی كەرتی تایبەت لە عێراق دانا، بۆ روونكردنەوەی ستراتیژیەتەكە و ئامانج و كاریگەرییەكانی، گۆڤاری "سامان" زنجیرە دیدارێكی لەگەڵ كۆمەڵێك شارەزا لەو بوارەدا ساز دەكات.
بۆ ئەم ژمارە گۆڤارەكە چاوی بە عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی عێراق دەكەوێت كە بە تێروتەسەڵی باسی پلانە ستراتیژیەكە و ئامانج و ئەوەی تا ئێستە بەدی هاتوون، دەكات.

*دەستەی راوێژكاران لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پلانێكی درێژخایەنی ستراتیژی بۆ ماوەی (2014 تا 2030) وەك نەخشەرێگەیەك بۆ پتەوكردنی هەوڵەكانی حكوومەت بەمەبەستی پەرەپێدانی كەرتی تایبەت لە عێراق دانا، هەوڵەكان بەكوێ گەیشت؟
پلانە ستراتیژیەكە لەلایەن دەستەی راوێژكاران بە هاوكاری وەزارەتی پلاندانان و لایەنی تری حكوومەتی پێوەندیدار بە كەرتی تایبەت ئامادە كرا كە لە كۆتاییەكەی لە ساڵی 2030 بتوانین توانای زیاتر بە كەرتی تایبەت لە عێراق بدەین و رۆڵی گەورەتری پێ بدرێت بۆ رابەرایەتیكردنی پەرەپێدان لە عێراق وەك هاوبەشێكی سەرەكیی حكوومەت لەو بارەوە.
پلانەكە سێ قۆناغی پێوەست بە كات لەخۆ دەگرێت، یەكەمیان لە 2014-2020 كە قۆناغی ئامادەسازییە بۆ پرۆسەی دابینكردنی دۆخی گونجاو بۆ كەرتی تایبەت لەبارەی یاسادانان و لۆجیستییەوە، بەڵام كاتێك عێراق بە دۆخێكدا تێپەڕ دەبێت كە ئاسان نییە ئەو قۆناغە كێشەی هاتە پێش لە خراپی دۆخی تەناهی و ئابوورییەوە كە كاریگەری گەورەی نەرێنی كردە سەر جێبەجێكردنی پلانەكە، بەڵام بە گشتی كاركردن تیادا بەردەوامە.
قۆناغی دووەم خۆئامادەكردن و سێیەمیش متمانەدان و سەركردایەتیكردنی كەرتی تایبەتە، كە هەرسێ قۆناغ ژمارەیەك هەنگاو و رێوشوێنی كردەنی لەخۆ دەگرن كە پێویستە لە كۆتاییەكەی بگەین بە ئامادەكردن و پەرەپێدانی كەرتی تایبەت لە عێراق لە رووی یاسادانان و دابینكردنی پاڵپشتیی حكوومەتی و هیتریش، بەڵام لەگەڵ ئەو هەنگاو و پلانەكەیش، چەندان رێوشوێنیتر هەن كە حكوومەت پێڕەوی كردوون بۆ بەستنی هاوبەشییەكی بەردەوام لەگەڵ كەرتی تایبەت، بەتایبەتی لە دوای قەیرانی ئابووری لە دوای ساڵی 2014.
قەیرانەكە چەندان پڕۆژەی وەبەرهێنانی وەستاند كە پارەیەكی زۆریان لێ خەرج كرابوو و هەندێكیان گەیشتبوونە قۆناغی پێشكەوتوو، بۆیە بڕیار و رێوشوێنەكانی حكوومەت لەو بارەوە بەتایبەتی بۆ ئەو پڕۆژانەی گرنگ و ستراتیژین و پێوەندیدارن بە كەرتی خزمەتگوزاری وەك هەلێكی وەبەرهێنان خرانە بەردەم كەرتی تایبەت بۆ تەواوكردنیان، لە راستیدا كەرتی تایبەت هێنراوەتە پێشەوە و چەندان پڕۆژەش هەن كە كەرتی تایبەت لە سەرەتاوە جێبەجێیان دەكات و ئەوەش هەنگاوی یەكەمە.
دووەم هەنگاو و بە مەبەستی دڵنیاییدان بە كەرتی تایبەت، لە ماوەی رابردوو و بەر لە 2014 بەڵێندەران و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت گرێبەستیان لەگەڵ حكوومەت هەبوو بۆ جێبەجێكردنی چەندان پڕۆژەی جیاجیا، بۆیە بۆ دوای قۆناغی قەیرانی ئابووری حكوومەت تووشی كێشەیەك هاتەوە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەواندا بكات؟، كە ئەوە كاری كردە سەر چالاكی ئەو بەڵێندەر و كۆمپانیایانە بەتایبەتی كە پارەیەكی زۆریان لای حكوومەت مایەوە، بۆیە حكوومەت بڕیاری دا كە پارەی ئەوان لە رێگەی قەواڵەی حكوومەتی لە بانكی ناوەندی بدات بە دوو شێواز، یەكەمیان دانی 40%ی پارەی ئەو پڕۆژانەی رێژەی تەواوبوونیان 80% كەمتر بووە وەك یەكەم وەجبە و بۆ ئەو پڕژانەشی رێژەی تەواوكردنیان لە سەرووی 80%یە تەواوی پارەكەی پێ دەدرێت بەو مەرجەی بەڵێنی تەواوكردنی پڕۆژەكانیان بدەن، ئەوەش كاری پێ كرا.
هەروەها لە چوارچێوەی پلانی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان لە داعش، كەرتی تایبەت بواری باشی بۆ رەخسا لە رێگەی هاوبەشی پێكردنی لە جێبەجێكردنی پڕۆژە جیاجیاكانەوە لە رێگەی سازكردنی گرێبەستی هاوبەش لەگەڵ حكوومەت، تەنانەت لە پلانی پێنجساڵە كە بڕیارە لە 2018-2020 دەست پێ بكات 40%ی وەبەرهێنان بە كەرتی تایبەت دراوە، هەموو ئەوانەش دووپاتی دەكەنەوە كە حكوومەت بە شێوەیەكی رژد رووی لە هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت كردووە لە پرۆسەی پەرەپێداندا.

*پێشبینی دەكرێت كە جێبەجێكردنی پلانەكە ببێتە مایەی زیادكردنی بەرهەمی كەرتی تایبەتی ناوخۆیی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانیش، تا چەند ئەو ئامانجەی پێكاوە؟
ئەو كاتەی باسی پلانەكە دەكەین ماوەكەی تا 2030یە، واتە ئێمە تا ئێستە لە هەنگاو و ساڵانی سەرەتای پلانەكەین، بۆیە كاتێك باسی جێبەجێبوونی ئامانج دەكەین شتێكی كردەنی نییە و ناكریت باسی گەیشتن بە ئامانجەكانی بكەین كە تا ئێستە نزیكەی 12 ساڵی ماوە بۆ كۆتاییهاتن، قسەكردن لەو بارەوە پێویستە لە دوای كۆتاهاتنی ماوەی دانراو بۆ پلانەكە بێت، بەڵام پێم وایە كە پێشكەوتنێكی بەرچاو و روون لەو بارەوە هەیە و بەلایەنی كەم ئاراستەبوونی رژدی حكوومەت بەرەو كەرتی تایبەت یەكێكە لە پەرەسەندنەكان و ئێستە ئەو كەرتە درك بەو راستییە دەكات و ئەمڕۆش هەموو چالاكییە ئابووری و پلانەكانی حكوومەت لەو بارەوە بەبەشداری كەرتی تایبەت ئامادە دەكرێن و ئەوشمان لە كەرتی تایبەت خۆی بیستووە. *چۆن توانیوتانە پلانەكە لەگەڵ ئەو ئامانجەی باستان كرد بگونجێنن، كاتێك عێراق بە دۆخێكی نائاساییدا تێپەڕ دەبێت؟
یەكێك لە گرنگترین وانەكانی حكوومەت لە قەیرانی دوایی ئابووری و تەناهیی فێری بوو ئەوەیە كە پێویستە هەموو پلانەكانی دایان دەڕێژێت بتوانن چارەسەر و رەچاوی كێشەكان بكەن، واتە بتوانن لەگەڵ دۆخەكە بگونجێن و رەنگدانەوەی بن، بۆیە ئەو پلانەی پەرەپێدانی كەرتی تایبەت ئەو ئامانجەی گرتە خۆی و چوونەپێشیش نابێت ئەگەر نەرمی لە پلانەكە نەبێت، واتە ئەو كاتەی لێرە و لەوێ روو بەڕووی كێشە و بەربەست دەبیتەوە پێویستە رێگەچارەی ترت هەبێت و بتوانی پەنای بۆ ببەیت بەمەبەستی رێگرتن لە وەستانی پلانەكە و بەربەست تێكەوتنی، بۆیە یەكێك لە گرنگترین دەرهاوێشتەكانی پلانەكە دانانی قۆناغی كاتییە، بەڵام كارەكەی بۆ جێبەجێبوونی هەر قۆناغێك دیاری كردووە، بۆیە ئەگەر لە قۆناغێكدا نەمانتوانی كارەكان تەواو بكەین دەتوانین لە قۆناغی دوای ئەوە بیكەین، بۆیە هەرسێ قۆناغی (2014-2020-2027-2030) یەكتر تەواو دەكەن. *بۆ خۆگونجان لەگەڵ پلانەكە یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە ئۆكتۆبەری 2016 كۆنگرەی خۆی ساز كرد و رێنوێنییەكانی خۆی لەو بارەوە پێشكەشی حكوومەتی هەرێم كرد، دواتر لە ئاداری 2017 كۆڕبەندێكی لەگەڵ رێكخراوی UNDPی ساز كرد بە مەبەستی ئامادەكردنی نەخشەرێگەیەك بۆ كەرتی تایبەت لە هەرێم بۆ قوناغی داهاتوو، چۆن ئەوە هەڵدەسەنگێنن؟
ژینگەی كار لە هەرێمی كوردستان لەوەی ناوچەكانی تری عێراق زۆر جیاواز نییە و دۆخەكەیان هاوشێوەیە، بەلایەنی كەم دۆخە ئابوورییەكە لە سەرانسەری عێراق رووبەڕووی قەیرانی ئابووری هاتووەتەوە كە بە شێوەیەكی گەورە كاری كردووەتە سەر كەرتی تایبەت، چونكە رووبەرێكی فرەوانی ئەو كەرتە پشتی بەو پڕۆژە و كارانە دەبەست كە حكوومەتی پێی هەڵدەستا وەك بەڵێندەرایەتی و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و هیتریش، بۆیە هەر هەنگاوێكی ئەرێنی لەو بارەوە لەلایەن ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان پێشوازی لێ كراوە لەلایەن ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی ناوەند و هەوڵەكانیان تەواوكەری یەكترن تا گەیشتن بە دیدێكی هاوبەش بۆ هەردوولا لەبارەی پەرەپێدانی كەرتی تایبەت، كەرتی تایبەت لە عێراق بە هەموو وردەكارییەكانیەوە خاوەن توانای باشە، بەڵام بەدەست نەبوونی ژینگەی گونجاو و دەستپێشخەرییەوە دەناڵێنێت، بۆیە ئەو دەستپێشخەری و هەنگاوانەی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان بێگومان پاڵپشتییەكی هاندان دەبێت بۆ كارساز و وەبەرهێنەر و بەڵێندەرەكان بەوەی زیاتر بێنە ناو جێبەجێكردنی پڕۆژەكانەوە.

*بڕیارە ئەنجوومەنێكی باڵای پەرەپێدانی كەرتی تایبەت بێتە دامەزراندن، كە نوێنەرانی حكوومەت و كەرتی تایبەت لەخۆ دەگرێت و بۆ ئەوەی ببێتە سەكۆیەك بۆ گفتوگۆ و سەرپەرشتیكردن و هەماهەنگی بۆ جێبەجێكردنی چالاكییە دیاریكراوەكانی ناو پلانەكە، ئەو ئەنجوومەنە بەكوێ گەیشت؟
لە چوارچێوەی پلانی پەرەپێدانی كەرتی تایبەت قسە و باس هەیە لەبارەی پێكهێنانی ئەو ئەنجوومەنە كە پلانەكە بریتییە لە چەند هەنگاوێك و جێبەجێكردنیان لە ماوەی دیاریكراوی كاتیدا، بەڵام بەر لەوە و من قسە لەسەر حكوومەتی ناوەند دەكەم و بەمەبەستی دابینكردنی ژینگەیەكی لەبارەی كاركردن بۆ كەرتی تایبەت، حكوومەت هەستاوە بە دامەزراندنی ئەنجوومەن یان لیژنەیەكی باڵا كە سەرۆك وەزیرانی عێراقی خۆی سەرۆكایەتی دەكات كە بە (لیژنەی وەبەرهێنان و پەرەپێدان) ناو نراوە، ئەركی سەرەكی نەهێشتن و لابردنی سەختی و بەربەستەكانی بەردەم وەبەرهێنان و پاڵپشتیكردنی راستەوخۆی وەبەرهێنەران و ئاسانكارییە لە رێوشوێنەكان و نەهێشتنی رۆتین و گەنەدەڵییە كە رووبەڕووی كەرتی تایبەت دەبێتەوە لە مامەڵكردنی لەگەڵ حكوومەتدا، بۆیە پێكهێنانی ئەو لیژنەیە و بەو ئاستە بێگومان كاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ سەر دۆخی وەبەرهێنان و هەنگاوێكی گرنگیشە بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت.

*چۆن دەڕواننە دوارۆژی ئابووری عێراق لە سایەی بوونی قەرزێكی زۆر و كورتهێنان لە بودجە و تێچووی زۆری ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان؟
قەرز بریتییە لە ماندووكردنێكی نەخوازراوی ئابووریی وڵات و بۆ داهاتووش بەشێك لە سامانی نەوەكان بۆ خۆی دەبات، بەڵام بەهۆی قەیرانی سەختی ئابووری كە عێراق رووبەڕووی هاتەوە حكوومەت ناچار بوو بۆ دابینكردنی بژێوی رۆژانەی هاووڵاتییان پەنای بۆ ببات، ئێستاش باس لە وەرگرتنی قەرزی نوێ دەكرێت بەتایبەتی لە دوای كۆنگرەی كوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە لە ناوەڕستی مانگی شوباتی رابردوو ساز كرا، بەڵام ئەو قەرزانەی عێراق لەو كۆنگرە وەری دەگرێت لەوەی پێشوو جیاوازە كە قەرزی بەكارخستن بووە، بۆیە قەرزی كۆنگرەی كوێت بۆ وەبەرهێنان و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەبێت كە داهاتی ئابووریان بۆ دوارۆژ دەبێت.
دوور لە قەرزەكانیش و رەنگە دوای 10 ساڵی تر بەو هۆیەی عێراق خاوەنی بنەمایەكی پتەوی ئابوورییە كە ئەگەر بەدروستی سوودی لێ وەربگیرێت دەبێتە مایەی بووژانەوەی ئابوورییەكەی كە شارەزایان پێیان وایە عێراق لە رووی ئابوورییەوە دەتوانێت لە ماوەی 5-10 ساڵی داهاتوو ببوژێتەوە، هەروەها وەك وەزارەتی پلاندانانی عێراق كار بۆ دانانی پلانێكی ئابووری تا ساڵی 2040 دەكەین لە رێگەی تاوتوێكردنی وردی دۆخەكە و دانانی چەند رێڕەوێك بۆ رزگاركردنی ئابووری عێراق لە تەنیا پشت بەستن بە كەرتی نەوت و كاراردنی كەرتەكانی تر.

*چۆن كەرتی تایبەت و ژینگەی كار لە هەرێمی كوردستان هەڵدەسەنگێنن؟
كاتێك باسی پلانەكانی پەرەپێدانی نیشتمانی دەكەین، هەموو عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، لە ماوەی رابردوودا هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی لە بواری پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان هاوێشت و ئەوەیش روونە، من لە نووسینەكانم ئاماژەم كردووە كە هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆر باشی لەو بارەوە هاوێشتووە كە بۆ قۆناغی داهاتوو دەتوانرێت زیاتر پەرەی پێ بدرێت دوای ئەوەی سەقامگیری هەموو ناوچەكانی عێراق دەگرێتەوە، چونكە هەرێمی كوردستان بە ئەرێنی و نەرێنی بە دۆخی عێراق كاریگەرە، بۆ نموونە ئەو كاتەی داعش چەند پارێزگایەكی عێراقی داگیر كرد، ژمارەیەكی زۆر ئاوارە روویان لە هەرێمەكە كرد و بەوەش رێژەی هەژاری تیایدا بەرز بووەوە، بۆیە سەقامگیری لە عێراق كاریگەری ئەرێنی بۆ سەر سەقامگیری هەرێمی كوردستان دەبێت.