یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

چاوپێکەوتن

عەبدولقادر دەمیر: لەوڵاتی توركیا 1500,000 كۆمپانیای بازرگانی كەرتی تایبەت هەیە

عەبدولقادر دەمیر: لەوڵاتی توركیا 1500,000 كۆمپانیای بازرگانی كەرتی تایبەت هەیە

حكومەتی توركیا بەڕێژەی 100% رووبەری زەوی پێویستی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە ئابووریەكان تەرخان دەكات و رێژەی (30% - 75%) بڕی پارەی تێچوونی پڕۆژەكە بەپێی جۆری پڕۆژەكانیان پێ‌ دەدات و لەڕووی تەكنیكیشەوە هەموو ئامێرو كەرەستەو پێداویستیەكانی دامەزراندنی پڕۆژەكانیان بۆ دابین دەكات، لەهەمان كاتیش رێژەی 50% لە كرێ‌ ی مانگانەی كارەبای ئاویان بۆ دادەشكێنێت، هەروەها ڕێژەی 75% لەكۆی تێچوونی خەرجی بەشداری كردنی بازرگانان و وەبەرهێنەران لەكۆنفرانس و وۆرك شۆپ و پێشانگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانیان دەگرێتە ئەستۆی خۆی.
عەبدولقادر دەمیر سەرۆكی ژووری بازرگانی پارێزگای باتمان لەووڵاتی توركیا، سەبارەت بەپەرەپێدانی بواری بازرگانی لەم وڵاتەو هاوكاری كردن و كارئاسانی كردن بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران بۆ دامەزراندنی كارگەو ئەنجامدانی پڕۆژە ئابووریەكان پێی راگەیاندین : كاتێك بازرگانێك یاخود وەبەرهێنەرێك بیەوێت پڕۆژەیەكی ئابووری ئەنجام بدات، دەبێت سەردانی لایەنی پەیوەندیداری حكومەتی توركیا بكات، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت هەموو كارئاسانیەكی بو دەكات لەوانە بەڕێژەی 100% رووبەری زەوی پێویستی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكە تەرخان دەكات، وە رێژەی (30% - 75%) بڕی پارەی تێچوونی پڕۆژەكەی پێ‌ دەدات بەپێی جۆری پڕۆژەكە، هەروەها لەڕووی تەكنیكیشەوە هەموو ئامێرو كەرەستەو پێداویستیەكانی دامەزراندنی پڕۆژەكەی بۆ دابین دەكات، لەهەمان كاتیش رێژەی 50% لە كرێ‌ ی مانگانەی كارەبای و رێژەی 50% كرێ‌ ی مانگانەی ئاوی بۆ دادەشكێنێت.
وتیشی : زۆر جاریش حكومەتی توركیا لەكاتی ئەنجامدانی توێژینەوە بۆ فراوانكردن و پێشخستنی پڕۆژە ئابووریەكانی هاوكاری خاوەن كۆمپانیا و پڕۆژە ئابووریەكان دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێژەی 75% لەكۆی تێچوونی خەرجی بەشداری كردنی بازرگانان و وەبەرهێنەران لەكۆنفرانس و وۆرك شۆپ و پێشانگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانیان دەگرێتە ئەستۆی خۆی، هەروەها ناوەندی وەبەرهێنان و كارسازی توركیا هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پڕۆژەكەوە بۆ ماوەی (3) ساڵ مووچەی كارمەندانی پڕۆژەكە دابین دەكات و پارەی باجی دڵنیایی تەندروستی و بیمەی كۆمەڵایەتیان بۆ خەرج دەكات، لەهەمان كاتیش ژووری پشتیوانی و پێشخستنی كارسازی لەتوركیا لەڕێگەی لیژنەی لێكۆڵینەوەی مەیدانی تایبەتەوە یارمەتی خاوەن پڕۆژە ئابووریەكان دەدات و قەرەبووی زەرەرو زیانەكانیان دەكاتەوە ئەوكاتەی كەئامێرەكانیان لەكار دەكەون یاخود پڕۆژەكانیان رووبەڕووی كارەساتێكی سروشتی دەبنەوە.
راشیگەیاند : لەوڵاتی توركیا سەرەتا حكومەت پڕۆژەی ئابووری و كارگە دادەمەزرێنێت، دواتر دەیقرۆشێتەوە بەكەرتی تایبەت و خاوەن سەرمایەكان و كۆی گشتی داهاتی پڕۆژەكەش بۆ كەرتی تایبەت دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت بەڕێژەی (1% - 25%) باجی هاووردە كردنی كەرەستەی خاوو شتومەك لەهاوڵاتیان و خاوەن پڕۆژەكان وەردەگرێت بەشێوەیەك كە رێژەی 1% كەلوپەلی خۆراكی زەروری و رێژەی 8% پۆشاك و جلوبەرگ و رێژەی 18% بەرهەمەكانی نەوت و ئوتۆمبێل و ئامێرە میكانیكیەكان و رێژەی 25% كەلوپەل و شتومەكی نازەروری دەگرێتەوە.
باسی لەوەشكرد : لەسەرتاسەری وڵاتی توركیا نزیكەی (1) یەك ملیۆن و (500) هەزار كۆمپانیای بازرگانی هەیە و بەتەنیاش لەپارێزگای باتمان (4) هەزار كۆمپانیای بازرگانی كەرتی تایبەت و (74) كۆمەڵگەی پیشەسازی كەرتی تایبەت و یەك كۆمپانیای بازرگانی حكومی (كەرتی گشتی) هەیە كە ئەویش كۆمپانیای بازرگانی نیشتیمانی نەوتە.