یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

چاوپێکەوتن

ئابووری كوردستان پێویستی بەنەشتەرگەری قورس و بڕیاری بووێر هەیە

ئابووری كوردستان پێویستی بەنەشتەرگەری قورس و بڕیاری بووێر هەیە

گفتوگۆ لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر محمد شەعبان لەزانكۆی دهۆك
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر محمد شەعبان لەساڵی 2000 ەوە خاوەنی دكتۆرایە لە زانكۆی بەغدا و راگری پێشووی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری زانكۆی دهۆك بووە، دكتۆر محەد شەعبان شارەزایە لە بواری تیۆری ئابووری و پەیوەندیی ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان، زیاتر لە 15 ساڵ لە بانك وەكو شارەزایەك كاری كردووە، ناوبراو خاوەنی چەندین توێژینەوەی زانستی یەو لە دەیان كۆنگرەی زانستی لە ناوخۆی كوردستان و دەرەوە بەشدار بووە، ئەمە وێڕای بەشداریكردنی لە داڕشتنەوەو هەمواركردنەوەی دەیان یاسای كارو بیمەی كۆمەڵایەتی و مەسرەفی و دارایی. لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ دكتۆر محمد شەعبان باسی ژینگەی ئابووری كوردستان و دۆخی بەتایبەتكردنمان كرد؛ لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.

قۆناغی راگوزەر
لە ئابووری مەركەزییەوە بەرەو ئابووری بازاڕ
لەم گفتوگۆیەماندا تەئكیدمان لەسەر ئەوە كردەوە كە چۆن بتوانین ئابووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەرتی تایبەت بگونجێنین و هەردوو پێكەوە بتوانن ئابووری كوردستان بگەیەننە قۆناغی ئابووری بازاڕ؛ دكتۆر محمد شەعبان بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەموو بەرنامەو پلان و سیاسەتێكی ئابووری دەبێت پشت ئەستوور بێت بە دیدگا (روئیا)یەكی روونی ئابووری، ئەم روئیایەش رەچاوی دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەو رەوشی ئابووری جیهانی كردبێت، چونكە كوردستان و ئابوورییەكەی چ وەكو هەرێمێكی فیدراڵی نیمچە سەربەخۆ بێت یاخود ئابوورییەكەی پەیوەست بێت بە سیاسەتە دارایی و نەختینەییەكانی حكومەتی عێراق بێت بەدووریش نییە لە دۆخ و ژینگە ئابووری و سیاسییەكەی جیهان، بەتایبەتی كە ئێمە لەهەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابووری زۆر پێویستیمان بە سیاسەتە دارایی و نەختینەیی هەیە كە بەپێی دەستوور و یاسا و واقیع لەمەدا بەستراوینەتەوە بەبانكی ناوەندی عێراق و سیاسەتە دارایی و نەختینەییەكانی حكومەتی عێراقەوە، هەربۆیە قۆناغی راگوزەر لە ئابووری مەركەزییەوە بۆ ئابووری بازاڕ هەروا ئاسان نییە و پێویستی بەكۆمەڵێك بنەمای تەشریعی و یاسایی و گۆڕانكاری لە بەیكەری حكومەت و ئاراستەكردنی كەرتی تایبەت هەیە، لەهەمووشی گرنگتر پێویستە هەرێمی كوردستان لەم خولەی پەرلەماندا بتوانێت ببێتە خاوەنی دەستووری هەمیشەیی خۆی و لەچوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی عێراقدا جۆرێك لەسەربەخۆیی ئابووری خۆی هەبێت، بەمشێوەیە بوونی دەستوورێك بۆ هەرێمەكە و هەمواركردنەوەی زۆر لە یاسا و رێنماییەكان جۆرێك لە سەربەخۆیی ئابووریمان پێدەدات بۆ ئاراستەكردنی دیدگاو گەیشتن بە ئابووری بازاڕ.
ناهاوسەنگی و ناكۆكی نێوان
كەرتی گشتی و تایبەت نابێت بمێنێت
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئێستاكە لەهەرێمی كوردستان پەیوەندی و هاوسەنگی نێوان هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی تێكچووە، بەمەش كەرتی گشتی و تایبەت و دەرئەنجام هاوڵاتیان و ئابووری هەرێمەكە زیانی گەورەیان بەركەوتووە؛ پێت وانییە ئەمە پێویستی بە دووبارە رێكخستنەوە هەیە بەشێوەیەك رەچاوی بەرژەوەندی سێكۆجگەی ( حكومەت و هاوڵاتی و كەرتی تایبەت) بكرێت؛ ئەم شارەزا ئابوورییەی كوردستان پێی وایە دوای ئەوەی روئیای ئابووری دادەڕێژرێت هەر لەناو ئەو روئیایەدا ئایندەی سیاسەتی ئابووری كوردستان بەروونی و بەگشتی دەردەكەوێت، ئەرك و مافەكانی هەمووان لەناویاندا كەرتی تایبەت و گشتی نەك هەر تەنیا دەستنیشان دەكرێت بەڵكو ئامانجەكانیشی روون دەبێتەوە، من هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم بەدوای هاوسەنگی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت بگەڕێین، لە هیچ نزامێكی دنیادا ئەم هاوسەنگییە بوونی نییە بۆیە تەنیا پێویستە رێگە نەدەین هەردوو كەرتەكە هاودژی یەكتر یاخود ناكۆك بن بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە گەیشتن بە ئاستی گەشە و خۆشگوزەرانی یەوە هەیە. لەدوای داڕشتنەوەی روئیا و بوونی سیاسەتی ئابووری پێویستیمان بە هەنگاونانی بووێرانە هەیە بەتایبەتی ئەوەی پێی دەوترێت بەتایبەتكردن، چونكە گواستنەوەو رادەستكردنی كەرتی گشتی بۆ تایبەتی لە ڕێگەی بەتایبەتكردنەوە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەهەندێك بواری خزمەتگوزاریی و ژیان و بژێوی هاوڵاتیانەوە هەیە پێویستی بە دابینكردنی ژینگەو لێكتێگەیشتن هەیە، لەدنیای سەردەمیشدا هەر لە ڕێگەی بەتایبەتكردنەوە توانراوە كەرت و سێكتەرە گرنگ و هەستیارەكان پێش بخرێت، ئەمە وێڕای چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی وەكو بێكاری و هەژاری و نزمی ئاستی خزمەتگوزاریی كە هەر هەمووی بەم شێوازە چارەسەر كراوە، ئەمەش پێویستی بەدەوڵەتی قووڵ و بەهێزو چاودێرییەكی تۆكمەو بەتوانا هەیە، بۆ ئەوەی دووچاری گەندەڵی و خراپی بەكارهێنانی دەسەڵات و بێسەروبەری و نرخ هەڵاوسان و قۆرخكاری نەبینەوە.
وەبەرهێنان
بەئاراستەیەكی دیكەدا وەرچەرخا
لە درێژەی قسەكانماندا باسی وەبەرهێنانمان كرد؛ كە بەیەكێك لەكۆڵەكەگانی پێشكەوتن و گەشەی ئابووری لە دنیای هاوچەرخدا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان نەتوانرا نە یاساكە نە بەئاسانكاریی و هاوكارییەكان پرۆسەی وەبەرهێنان بەو ئاراستەیە وەرچەرخێنین كە پێویستمانە ئەویش بەرەو كەرتەكانی پیشەسازیی و كشتوكاڵی و بونیاتنانی ژێرخانی هەرێمەكە، لەبری ئەوە زۆربەی هەرە زۆری وەبەرهێنان بەرەو بوارەكانی نیشتەجێبوون و بازرگانی رۆشت، لەمبوارەوە دكتۆر محمد شەعبان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە(( گرفت لە یاسای وەبەرهێنان نییە بەقەد ئەوەی گرفت لە جێبەجێكردن هەیە، لەكوردستان بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە یاسایەكی باشی وەبەرهێنان بوونی هەیە و تەنانەت ئاسانكاری و هاوكاری باشی وەبەرهێنەكان كراوە، بەڵام نەدەبوو پێشخستنی كەرتەكانی نیشتەجێبوون و بازرگانی لەسەر حسابی كەرتە گرنگەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بونیاتنانی رێگا نێودەوڵەتییەكان و هێڵی شەمەندەفەر و پردو دروستكردنی پیشەسازی خۆراكی و لەقوتوبەند و پیشەسازی پترۆكیمیاوی و دروستكردنی فرۆكەخانە و بەنداو و كارگە و پاڵاوتگەكانی نەوت و شوێنی گەورەی گەشتوگوزاریی بووایە. لەمەدا من وای دەبینم هەڵەكە زیاتر هەڵەی بەڕێوەبردنی ئابووریی و ئاراستەكردنی وەبەرهێنان بووە، كە زەوی بە خۆڕایی و بەنرخێكی كەم بۆ كەرتی نیشتەجێبوون دابین كردووە، هەربۆیە دەبێت لە حكومەتی داهاتووی كوردستاندا ئەم بوارە راست بكرێتەوە..)).
بێ بوونی ژینگەیەكی لەبار ناكرێت
پرۆسەی چاكسازیی بەردەوام سەركەوتوو بێت
ئەمانەی كەباسمان كرد هەرهەمووی پێویستی بەچاكسازیی لەبوارەكانی كارگێڕی و ئابووری هەیە؛ چاكسازیش پرۆسەیەكی لەسەرخۆو بەردەوامە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان و عێراق ژینگەیەكی لەبار نییە بۆ جێبەجێكردنی ئەو چاكسازییە كارگێڕی و ئابوورییە، تەنانەت نەبوونی دامەزراوەكان و بوونی حكومەتێكی دوو ئیدارە و لاوازی دەزگا تەشریعی و قەزائی و جێبەجێكردن رێگرە لەبەردەم ئەم پرۆسەیە بەتایبەتی ئێمە لە وڵاتێكی ناسەقامگیر و ژینگەیەكی ناتەندروستدا دەژین، هەرگیز هیچ میللەت و دەوڵەت و حكومەتێكیش نەیتوانیوە لەم ژینگەیەدا پرۆسەكانی بونیاتنانی نەتەوەو حوكمڕانی راست بكاتەوە، هەرچی دەكرێت وەكو گەشتەكەی كریستۆف كۆڵۆمبوسی لێدێت لەبری چارەسەركردنی كێشەیەك دەكەوینە ناو دەیان گرفت و قەیرانی دیكەوە، ئەمە كێشە گەورەكە و گرفتە چارەسەرنەكراوەكەی كوردستانە.
لەم بارەیەوە دكتۆر محمد شەعبان پێی وایە لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بووەتە قوربانی ململانێی توندو ناتەندروستی حزبە سیاسییەكان، خۆ بارودۆخەكە لە عێراق و وڵاتانی ناوچەكەش لێرە باشتر نییە، منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام كە ململانێ و بەلاڕێدا بردنی پرۆسەی سیاسی ناسەقامگیری لێكەوتۆتەوە ئەو ناسەقامگیرییەی هەرگیز هیچ وڵاتێك نەیتوانی وە لە سایەیدا ئابووری راست بكاتەوەو گەشەو خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكەی بهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا خۆ ئێمەی شارەزایانی ئابووری و ئابووریناسان نابێت هەر چاوەڕوانی راستكردنەوەی دۆخە سیاسییەكە بین، چونكە پەیوەندییەكی هاوتەریب و هاو ئاراستەش لەنێوان سیاسەت و ئابووری دا بوونی هەیە، پێویستە سەرەتا لەسەر میكانیزمێكی دیاریكراوو سەقفێكی زەمەنی رێك بكەوین بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفتە ئابوورییەكان و هەڵگرتنی ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی چاكسازیی، كە هەموو بوارەكانی بنبڕكردنی گەندەڵی و تەرشیقی حكومەت و گواستنەوەی خێرای حكومەت لە حكومەتێكی تەقلیدییەوە بۆ حكومەتێكی ئەلەكترۆنی لەگەڵ خۆی دەهێنێت.
بەتایبەتكردنی بەمەرج و یاسای بوارەكانی خزمەتگوزاریی
لەگەڵ هەموو ڕاوبۆچوون و تێڕوانینەكان لەدنیای ئابووری دا حكومەت و كەرتی تایبەت پێكەوە ئابووری وڵات بەڕێوەدەبەن، هەریەكە و بەئەرك و مافی جیاواز، بەتایبەتی لەبوارەكانی خزمەتگوزاری و پێشخستنی بواری پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری و بازرگانی و تەنانەت بواری پێترۆڵ و پیشەسازی پترۆكیمیاوی، بەڵام ئەمە پێویستی بەحكومەتێكی بەهێزی وا هەیە كە دابەشكردنی كارەكان و شۆربوونەوەی دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە نەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەو بێسەروبەری پرۆسەكە. دكتۆر محمد شەعبانیش هاوڕابوون لەوەی ( پێدانی رۆڵێكی گرنگ بەكەرتی تایبەت كلیلی كردنەوەی گرێ گوێرەی زۆر لە چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانە ، بەتایبەتی سوككردنی قورسایی دارایی و دۆزینەوەی هەلی كار، بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەش پێویستە كەرتی تایبەت هاوكاری و ئاسانكاری بۆ بكرێت بۆ بەشداریكردنی كاراو بەتوانا لە بوارەكانی ((بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری))شدا، كە وادەكات نەك تەنیا داهاتی هەرێمەكە بەرز بێتەوە بەڵكو داهاتی تاكەكەسیش زیاد دەبێت و جۆراوجۆری لە سەرچاوەی بەدەستهێنانی سیولەی نەختینەیی دروست دەبێت، لەم قەیرانە ئابوورییەی دوایی هەرێمی كوردستاندا بەروونی ئەم واقیعە دەركەوت لەو سێكتەرانەی كە كەرتی تایبەت رۆڵی سەرەكیان تێیدایە ، هەر كەموكورتیەكیش دەركەوتبێت بۆ لاوازی یاساكانی پاراستنی مافی بەكارهێنەران و یاساكانی بنبڕكردنی گەندەڵی و قۆرخكاری و نەبوونی سیستەمێكی رێكوپێك و پێشكەوتووی بانكی و مەسرەفی دەگەڕێتەوە كە بەپێی پێویست نەتوانرا قەرز بدرێتە كۆمپانیاكان و چاودێری ووردی بازاڕ بكرێت.).

لەپشت هەموو حوكمڕانێكی باشەوە
ئابوورییەكی بەهێز بوونی هەیە لەكۆتایی قسەكانماندا باسی خاڵێكی گرنگی ئەم بوارەمان كرد ئەویش پەیوەندی نێوان ئابووری بازاڕ و توێژینەوەی زانستی و لایەنی ئەكادیمی ، پرسیاری ئەوەمان لە دكتۆر محەمەد شەعبان كرد بۆچی بەپێی پێویست توێژینەوەو شارەزایانی ئابووری نەیانتوانیوە حكومەت و كەرتی تایبەت بە توێژینەوەكانیان دەوڵەمەند بكەن؟ لەوەڵامدا بەڕێزیان وتی :( لە كوردستان توێژینەوەو بابەتی زانستی ئابووری باش و بەسوودمان هەیە، بەڵام شێوازی بەكارهێنان و سوودلێوەرگرتنی لاوازە كە بەبۆچوونی من بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە لەوانە- لاوازی پەیوەندییەكانی زانكۆكانی كوردستان لەناو ئەو ژینگەیەكی كە كاری تێدا دەكات و نەبوونی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان حكومەت و زانكۆكان و كەمی و لاوازی بودجەی تەرخانكراوی زانكۆ بۆ توێژینەوە زانستیەكان و نەبوونی دامەزراوەی نوێی ئابووری و چەندین هۆكاری دیكە ؛ لەم روانگەیەوە ئەركی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستانە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كەرتی تایبەت و حكومەتی ناوەندی و وڵاتانی دەوروبەرو جیهان لەسەر بنەمای ئابووری و بەرژەوەندی هاوبەش داڕێژێتەوەو كۆتایی بە كێشە هەڵواسراوەكانی بهێنێت و پلان و بەرنامەی هاوبەشی فیدراڵی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی هەبێت و دەسەڵاتەكانی ناوەندو هەرێم جودا بكاتەوەو رێكبخرێتەوە لەسەر بنەمای هاوبەشی و بەرژەوەندی دانیشتوانی هەرێمەكە، لەمانەش گرنگتر چاوخشاندنەوەیەكی جیدیمان پێویستە بە نزامی دارایی و نەختی ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەند دەكرێت، ئەمانەش هەمووی هاوكات بێت لەگەڵ جیاكردنەوەی دەسەڵاتی حزبی و ئابووری و كۆتایهاتنی دوو ئیدارەیی و یەكخستنی سوپا، چونكە لە پشت هەموو حوكمڕانیەكی باشەوە ئابوورییەكی بەهێزو سوپایەكی یەكگرتوو بوونیان هەیە.