یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

چاوپێکەوتن

دكتۆر حوسێن كورد نەژاد ماستەر لە جوگرافیای ئابووری و گەشەی دیموكراسی: حكومەت دەتوانێت لەڕێگەی رێكخستنی بازاڕو ئابوورییەوە كۆمپانیا ناوخۆییەكان گەشە پێ بكات

دكتۆر حوسێن كورد نەژاد ماستەر لە جوگرافیای ئابووری و گەشەی دیموكراسی: حكومەت دەتوانێت لەڕێگەی رێكخستنی بازاڕو ئابوورییەوە كۆمپانیا ناوخۆییەكان گەشە پێ بكات

 حوسێن كورد نەژاد ماستەر لە جوگرافیای ئابووری و گەشەی دیموكراسی سەبارەت بە تایبەتكردن و پەیڕەوكردنی سیاسەتی ئابووری بازاڕ وتی :( بوونی ئەو بەرهەڵستی و نەیارەی ئابووری بازاڕ و كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان و جیهانی سێیەمدا بۆ تێنەگەیشتن لە چەمكی ئابووری بازاڕ و جێبەجێ نەكردنی تەواوی چەمكەكە دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا چەمكی ئابووری بازاڕ ئەو بێسەروبەرییەی بازاڕ و ئابوورییە نییە كە لەكوردستاندا دركی پێ دەكرێت، بەوەی هەركەسێك دەستی بڕوات و خاوەن نفوز و دەسەڵات بێت بەئارەزووی خۆی خەڵكی بچەوسێنێتەوەو گەمە بە نرخ و رەوشی بازاڕ و ئابووری وڵات بكات. كەرتی تایبەت و سیستەمی ئابووری بازاڕ كۆمەڵێك یاساو رێسای تایبەتی خۆی هەیە كە رێكی دەخات و مافی سەرمایەدارو هاوڵاتی دەپارێزێت و حكومەت دەبێتە حكومەتێكی چاودێرو رێ نیشاندەر، بۆ نموونە هەموو كەسێك لەم بازاڕەدا ئازادە لە چوارچێوەی یاساو رێساكانی ئابووری دا بە پارەو بیرو هۆشی خۆی بەرهەمداری بكات و بەرهەمی بخاتە بازاڕەوەو كێبركێی پێ بكات لەگەڵ بەرهەمی ئەوی دیكە و لە ئەنجامدا پارەیەكی دەست كەوێت و بەو پارەیە دووبارە بەرهەمەكەی پێش بخات و تێچوونی كەم بكاتەوەو بەهاو كوالێتی بەرز بكاتەوەو لەبازاڕێكی كێبركێ دا بیفرۆشێتەوەو قازانج بكات، لەم كێبركێیەشدا كڕیاریش قازانج دەكات چونكە كاڵایەكی باش و بەنرخێكی گونجاوی دەست دەكەوێت، جێگای داخە لەكوردستاندا نە كەرتی تایبەت بەهێزە نە دەزگایەكی ئابووری و چاودێری حكومی بەهێزیشمان هەیە هاوكارو رێنیشاندەری كەرتی تایبەت بێت هەربۆیە لە رووی بەرهەمدارییەوە نەمانتوانیوە كێبركێی بەرهەمە باشەكانی تەنانەت وڵاتانی دراوسێمان بكەین، لەكاتێكدا لەدنیادا حكومەتێك نییە بەتەنیا ئابووری بەڕێوە ببات ، ئەزموونە پێشكەوتووەكانی جیهانی رۆژئاواو كۆریای باشورو ژاپۆن و وڵاتانی بڵنگەكانی ئاسیاو چەندین وڵاتی دیكە كە توانیویانە لە رێگەی پەیڕەوكردنی بنەماكانی ئابووری بازاڕەوە ببنە خاوەنی كۆمپانیای نێودەوڵەتی و فرە رەگەزی و بەرهەم و داهات و ئابووری زۆر پێشكەوتوو ، ئەوەمان نیشان دەدات كە حكومەت دەتوانێت لەڕێگەی رێكخستنی بازاڕو ئابوورییەوە كۆمپانیا ناوخۆییەكان گەشە پێ بكات ، ئێستا یەكێك لە گرفتەكانی كوردستان لەوە دایە ئێمە نزیكەی 10 بۆ 12 ملیار دۆلار كاڵاو شمەك هاوردە دەكەیت، چونكە كۆمپانیاو كارگەكانی ئێمە لەتوانایاندا نییە بازاڕەكانی كوردستان تێر بكەن، چونكە كۆمپانیاكانی كوردستان كۆمپانیای تاكەكەسی یە و هاوبەش نین كە بودجەو سەرمایەی زیاتریان نییە و پێكەوە لەگەڵ كۆمەڵە كۆمپانیایەك كار بكەن و ببنەخاوەنی پرۆژەی گەورەترو هەلی كاری زیاتر دامەزرێنن و پشت بەتەكنەلۆژیاو داهێنانی نوێ ببەستن بۆ ئەوەی بەرهەمی باشتریان هەبێت ، هەربۆیە پێویستە لەكۆمپانیای تاكەكەسییەوە بڕۆین بەرەو كۆمپانیای هاوبەشی. لایەنێكی دیكەی لاوازی كەرتی تایبەت لە یاساكاندایە هەر لاوازی یاساكانە وایكردووە رێنمایی و ئاراستەكردنی بازاڕو ئابووری لاواز بێت پێویستە یاسا سەروەر بێت و لەسەرووی هەموومانەوە بێت ، كە وادەكات متمانەی خەڵكی بە سیستەمی یاسایی بەهێز بێت و رێگا خۆش دەكات بۆ دامەزراندنی كۆمپانیاكانی پشكداری واتا بەشداری سەرمایەو پارەو پولی خەڵكی لە وەبەرهێنان و كاری كارگەو كارخانەو بەرهەمداری دا، كاتێك كۆمپانیای پشكداری دادەمەزرێت و متمانە بە ئابووری و كۆمپانیاكان دروست دەبێت مومكین هەیە كۆمپانیا هەبێت زیاتر لە 50 هەزار هاوڵاتی پشكی تێدا بێت واتا بەشدارییەكی زۆرینە لەناو كاروباری ئابووری وڵاتدا.
پێی وابوو : ( گرنگترین شت لە ئابووری دا ئەوەیە لەنێوان خواست و خستنەڕوو باڵانسێك سازبكەیت، ئەگەر ئەمە قبوڵ بكەین ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا لە دنیادا حكومەتێك هەیە بەدامەزراوەكانی خۆی وەڵامی خواستەكانی خەڵكی بداتەوە ؟ وڵاتانی كۆمۆنیستی پێشوو هەوڵیان داو دەرئەنجام شكستیان هێنا، ئێستا لەدنیادا هەر لەسەر مێزەكەی خۆت كارەباو كۆمپیوتەرو ئەنتەرنێت و مۆبایل و هەرچی خزمەتگوزاریی هەیە بەرهەمی سیستەمێكە كە پێی دەڵێن ( رۆژئاوا) رۆژئاواش نەك لە رووی جوگرافیادا بەڵكو لە رووی سیستەمەوە بۆ نموونە ژاپۆن و كۆریای باشورو زۆر وڵاتانی دیكە كە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی كە توانیوێتی ئەو دەستكەوتانەی هەبێت – ئابووری بازاڕە- كە سەرمایە كەڵەكە دەكات و سامانی ئازاد بەرهەم دەهێنێت و لە ژینگەیەكی كێبركێ و دیموكراسی دا پێش دەكەوێت ، ئەمەش پێویستی بەكۆمەڵێك یاساو رێسا دەبێت، هەر لەناو خۆی سیستەمی ئابووری بازاڕدا تەركیز لەسەر رۆڵی دەوڵەت و پلان داڕێژتن كراوە بەڵام دەرئەنجام گەیشتنە ئەو بۆچوونەی دەوڵەت و كەرتی تایبەت پێویستە پێكەوە كار بكەن ، دەوڵەت یاساكان دادەڕێژێت و سەقامگیری سیاسی و سەربازی و ئابووری فەراهەم دەكات و چاودێر دەبێت، كەرتی تایبەتیش كاری باشترو زیاتر ئەنجام دەدات، هەربۆیە لەكۆتادا ئەوەی لە پشت گەشەی وڵاتان و ئابوورییەكەیاندایە كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكانە كە دەتوانن ئەو كارە بكەن، چونكە هیچ كۆمپانیاو دامەزراوەیەك ناتوانن لەسەر یەك مۆدێل بێت دەبێت ساڵانە داهێنان بكەن، ئەمەی ئێستا لەكوردستاندا هەیە پرۆسەیەكی پانتایی بەتاڵە كە دەبێت حزبەكانی كوردستان ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە ، نەك ركابەرایەتی ناوخۆ كە بچووكەكان كەوتوون و گەورەكان ماون و رەنگی لە ئابووری و حكومەت و كەرتی تایبەت داوەتەوە، ئەگەر توانیمان ئەو ركابەرایەتییە بخەینە ناو چوارچێوەیەكی یاسایی و كاریگەری ئیجابی لەسەر حوكمڕانی هەبوو ئەو كات دەتوانین هەنگاوی گرنگ و ستراتیژی هەڵبگرین، لێرە وڵاتێكی هەژاری دواكەتووە كە تازە كاكۆڵكێ دەكات بۆ ئەوەی رێگای خۆی ببینێتەوە ، هەربۆیە مۆدێلی ئابووری بوونی نییە تەنیا چەمكەكانمان بەكارهێناوە كە لەغیابی سەروەری یاسادا ئەوەندەی تری بارودۆخەكەی خراپ كردووە.
• دكتۆر حوسێن كورد نەژاد ماستەر لە جوگرافیای ئابووری و گەشەی دیموكراسی:
حكومەت دەتوانێت لەڕێگەی رێكخستنی بازاڕو ئابوورییەوە كۆمپانیا ناوخۆییەكان گەشە پێ بكات

لە هەرێمی كوردستاندا نەیارێكی زۆری كەرتی تایبەت و سیسستەمی ئابووری بازاڕ وجودی هەیە، تەنانەت زۆربەی هاوڵاتیان بەتایبەتی لەناو دەستەبژێری رۆشنبیران و ئابووریناسان و فەرمانبەرانی حكومەتدا بەروونی پاڵپشتی ئەم ئاراستەیە دەكەن؛ لەلایەكی دیكەوە لەدنیای هاوچەرخدا تەنیا سیستەمی ئابووری بازاڕو پەیڕەوكردنی كەرتی تایبەتە خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنی بۆ گەلان و وڵاتان هێناوە، هاوكات دیدگایەكی دیكە هەیە كە پاڵپشتی سیستەمێكی هاوبەش دەكات و داوای ڕاگرتنی باڵانس دەكەن لەنێوان هەردوو كەرتی تایبەت و حكومی ، ئەمەش پێویستی بە روئیاو ستراتیژ و پلانێكی گونجاو هەیە كە كۆپی هیچ وڵاتێك نەكات، لەهەموو ئەمانەش گرنگتر ئێمە بەپێی كۆمەڵێك ماددەی دەستووری و بڕگەی یاسایی لەزۆر لایەندا بەستراوینەتەوە بە ئابووری مەركەزی بەغداوە كە لەكاتی پەیڕەوكردنی هەر دیدگاو ستراتیژییەتێكی ئابووری دا دەبێت ئەم لایەنەش پەیڕەو بكەین، لەم رووەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی حوسێن كورد نەژاد شارەزا لەبواری ئابووری و گەشەی دیموكراسی كە لێرەدا پوختەی راوبۆچوونەكانی دەخەینە ڕوو.