یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

چاوپێکەوتن

دكتۆر محێدین حەسەن یوسف سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان : نابێت دەوڵەت بەڕێوەبردنی ئابووری فەرامۆش بكات

دكتۆر محێدین حەسەن یوسف سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان : نابێت دەوڵەت بەڕێوەبردنی ئابووری فەرامۆش بكات

لە هەرێمی كوردستاندا نەیارێكی زۆری كەرتی تایبەت و سیسستەمی ئابووری بازاڕ وجودی هەیە، تەنانەت زۆربەی هاوڵاتیان بەتایبەتی لەناو دەستەبژێری رۆشنبیران و ئابووریناسان و فەرمانبەرانی حكومەتدا بەروونی پاڵپشتی ئەم ئاراستەیە دەكەن؛ لەلایەكی دیكەوە لەدنیای هاوچەرخدا تەنیا سیستەمی ئابووری بازاڕو پەیڕەوكردنی كەرتی تایبەتە خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنی بۆ گەلان و وڵاتان هێناوە، هاوكات دیدگایەكی دیكە هەیە كە پاڵپشتی سیستەمێكی هاوبەش دەكات و داوای ڕاگرتنی باڵانس دەكەن لەنێوان هەردوو كەرتی تایبەت و حكومی ، ئەمەش پێویستی بە روئیاو ستراتیژ و پلانێكی گونجاو هەیە كە كۆپی هیچ وڵاتێك نەكات، لەهەموو ئەمانەش گرنگتر ئێمە بەپێی كۆمەڵێك ماددەی دەستووری و بڕگەی یاسایی لەزۆر لایەندا بەستراوینەتەوە بە ئابووری مەركەزی بەغداوە كە لەكاتی پەیڕەوكردنی هەر دیدگاو ستراتیژییەتێكی ئابووری دا دەبێت ئەم لایەنەش پەیڕەو بكەین، لەم رووەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی هەریەك لە دكتۆر محێدین حەسەن یوسف سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان كە لێرەدا پوختەی راوبۆچوونەكانی دەخەینە ڕوو.

كورد ئەزموونێكی تاڵی لەگەڵ ئەو بێسەروبەرییەی بازاڕ و ئابووریدا هەیە
دكتۆر محێدین حەسەن یوسف سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەهۆكارەكانی بەرهەڵستی پەیڕەوكردنی كەرتی تایبەت و بەتایبەتكردنی زۆر لەكەرتە بەرهەمهێن و خزمەتگوزارییەكانی كوردستان وتی :( ئابووری نوێ كە پێی دەوترێت ئابووری بازاڕ بێ كەموكورتی و كێشەو گرفت نییە؛ ئابوورییەكە بەدوور نییە لە قەیران و نادادپەروەری و مایەبووچبوونی كۆمپانیاو سەرمایەدارەكان، بەتایبەتی لە وڵاتێكی بەرهەمهێن و خاوەن داهاتی وەكو عێراق و كوردستان. هەربۆیە كاتێك ئەو هەموو داهاتە بەفیڕۆ دەدرێت و لە كایەكانی بەرهەمهێنان و بونیاتنانی ژێرخانی وڵاتەكەو دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجان بەكارناهێنرێت، لەو لاشەوە بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و ئاژانس و كۆمپانیاو راوێژكارە بیانییەكان پاڵپشتی بەرەو بەتایبەتكردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەكان و هەڵگرتنی پاڵپشتی لە نان و سوتەمەنی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاوو كارەبا دەكەن هەڵبەتە خەڵكی و رووناكبیران و ئابووریناسانیش مافی خۆیانە دژی ئەو ئاراستەیە بن، ئێمە لە فراكسیۆنی ئازادی و وەكو تێڕوانینی حزبی شیوعی كوردستانیش لەگەڵ ئەوە نین هەردوو حكومەتی عێراق و كوردستان بچنە ژێر ئەو مەرجە قورسانە، چونكە مەرجەكان كاریگەریی خراپیان لەسەر خەڵكی هەژارو چین و توێژی ناوەڕاست و موچەخۆران دەبێت، بگرە دەرئەنجامی نەبوونی سیولەی نەختینەیش لە بازاڕدا توێژێكی زۆری بازرگان و سەرمایەدار و كاسبكاریش كارو پیشەی خۆیان لەدەست دەدەن و بێبازاڕی زیاتر دەكەوێتەوە . لە وڵاتانی دنیادا ئەوەی پێی دەوترێت ئابووری بازاڕ و بازاڕی ئازاد و بازڕگانی سەربەخۆو وەبەرهێنان بەو شێوەیەی لای ئێمە نییە، ئەوان بەكۆمەڵێك یاساو رێساو چاودێری توندی بازرگانی و ئابووری دا وڵات بەڕێوە دەبەن ، بازاڕێكی بێسەروبەریی وەكو ئێمەیان نییە كە نەچۆتە ژێر بنەماكانی چاودێریی و بەدواداچوونێكی بەهێزەوە، مەترسی ئەوەش هەیە ئەگەر بەم ئاراستەیە بڕۆین هەرچی پەیوەندی بە بژێوی و ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە قۆرغ بكرێت و ئەوەندەی تر باری سەرشانی هاوڵاتیان قورستر بكرێت، لەهیچ وڵاتێكیشدا كە كەوتبێتە ژێر كاریگەری قەیرانەوە نەچووە كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردەو خزمەتگوزاریی بەتایبەت بكات، نەچووە كارەبا و ئاو بداتە كۆمپانیاكانی تاكەكەسی، ئێمە پێشتر ئەزموونێكی بەتایبەتكردنی كارگەكانی هەرێمەكەمان هەبوو دەرئەنجام نە حكومەت لە رێگەی باج و كرێ وە سودی لێوەرگرت نە میللەت بە بەرهەمەكانیان قازانجیان كرد، ئەمڕۆش باروگوزەرانی خەڵك زۆر خراپە چوار ساڵی قەیران و بێ موچەیی و بێبازاڕی و نەبوونی هەلی كاریان بەڕێكرد، ئیتر چۆن وەزیرو كەسانێك پێن باج و رسوماتی سوید و نەرویجمان لێوەربگرن، لەولاشەوە بژێوی ژیانی وەكو وڵاتێكی ئەفریقیایی دواكەوتوومان هەبێت، ئەمە دژایەتیكردنی كەرتی تایبەت نییە بەقەد ئەوەی دژایەتیكردنی بێسەروبەریی و راپێچكردنی كەرتە هەستیارو ستراتیژییەكانین).
دكتۆر محێدین حەسەن سەبارەت بەراوپێشنیارەكانی بۆ بەڕێوەبردنی ئابووری بەتایبەتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:( ئەركی حكومەتی داهاتووی كوردستانە باروگوزەرانی ژیانی خەڵك باش بكات و كەرتەكانی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی كارگەو كەرتی بەرهەمهێنان پێش بخات، ناكرێت كەرتی پەروەردە و تەندروستی راپێچی كەرتی تایبەت بكرێت و لەولاشەوە ئەمە حاڵی قوتابخانە حكومییەكان بن ، هەروەها یاسای وەبەرهێنان هەموار بكرێتەوە چونكە كاتێك ئاراستەی وەبەرهێنان سەیر دەكەین كە بەرەو نیشتەجێبوون رۆشتووەو ئەو هەموو زەوی بە پیت و باشەی بەفیڕۆ داوەو كەسانێك لەسەر حسابی زۆرینە پێی دەوڵەمەند بوون و كەرتەكانی دیكەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی فەرامۆش كراون. لەتەنیشت كەرتی تایبەت ئەركی دەوڵەت ئەوەیە خزمەتگوزاریی پێشكەش بەهاوڵاتیان بكات دەكرێت بەهاوبەشی و تێكەڵاو ئەم كارە بكرێت، گرفتی كەرتی تایبەت لە وڵاتی ئێمەدا ئەوەیە تەنیا روویان لە كەرتی نیشتەجێبوون و بازرگانی كردووە باڵانسی تەرازووی بازرگانی وڵاتیان تێكداوەو تەنیا كاڵاو كەلوپەلی وڵاتانی دەرەوە دەهێنن، هەربۆیە مەسەلەی بەتایبەتكردن و ئاراستەكردنی كەرتی تایبەت و خۆدزینەوەی دەوڵەت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بەرهەمداری زیان نەك تەنیا بە هاوڵاتیان و بردنە دەرەوەی پارەو داهاتی ئەم وڵاتە گەیاندووە بەڵكو زیانی سیاسی و دیبلۆماسی بەحكومەت و سیاسەتمەدارانیشمان گەیاندووە چونكە ئاسایشی نەتەوەیی فەرامۆشكردووە. ئێستاكە بێسەروبەرەكە گەیشتۆتە حاڵەتێك هەرچی پیشەكارو شارەزاش هەیە لەم وڵاتە توركی و ئێرانی و سوری و بیانی و عەرەبی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقە، واتا یەكێك لە زیانەكانی نەبوونی كارگەو كارخانەو گرنگی نەدان بە لایەنی مەعریفی و بەهرەیی وایكردووە دەستی كاری كوردی لە ئاست پێشكەوتووەكانی دنیادا نەبێت، حكومەتی كوردستان لەم قۆناغە زەحمەتە بتوانێت خۆی دەرباز بكات لەو بێ بەرهەمی و هاتنی بەلێشاوی كاڵاو كەلوپەلی خراپی وڵاتانی بیانی و دراوسێ بەڵام خۆ نابێت ئەم نەزیفە ئابوورییە هەروا بەردەوام بێت، پێویستە نەشتەرگەرییەك لە ئابووری وڵاتدا بكەین، بەهاوكاری توێژی بازرگان و ئابووریناسان گوێبستی ئەوانەیان بین كە نیشتمانپەروەر و نەتەوەیین و دڵسۆزی وڵاتەكەن، گوێ لە پێشنیارو بۆچوونەكانیان بگرین بۆ ئەوەی بزانین چۆن كارگەی پیشەسازی خۆراكی و كشتوكاڵی و كانزاكاری و پێترۆكیمیاویی و پاڵاوتگەكانی ناوخۆ ببوژێنینەوە، پلانی مامناوەندو درێژخایەنمان هەبێت و دەرئەنجام ئاسایشی خۆراكی و وزەو پیشەسازی دابین بكەین).