یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

چاوپێکەوتن

عوسمان شوانی سكرتارییەتی ئەنجومەنی باڵای ئابووری لەئەنجومەنی وەزیران /یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین خاڵی گرنگ  بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان  لەخۆ دەگرێت

عوسمان شوانی سكرتارییەتی ئەنجومەنی باڵای ئابووری لەئەنجومەنی وەزیران /یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین خاڵی گرنگ  بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان  لەخۆ دەگرێت

 

كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان – عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی ناو پەنێڵەكانی كۆنفرانسەكە دوای ئەو كرانەوە ئابوورییە هات كە هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە بینیوێتی، لەم كۆنفرانسەدا جگە لەبەشداری وەزیری بازرگانی  كۆماری ئیسلامی ئێران  و وەزیری پیشەسازیی و كانزاكانی كۆماری عێراقی فیدراڵ و پارێزگار و سەرۆكی ژوورە بازرگانییەكانی چەندین پارێزگاری ئێران و بەرپرس و نوێنەرانی زیاتر لە 100 كۆمپانیاو چەندین بیزنسكارو سەرۆكی ژووری بازرگانی و كەسایەتی دیكە ئامادەبوون، سەبارەت بەگرنگی كۆنفرانسەكەو گرنگی بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەو كۆت و بەربەستانەی لەبەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندییەكانی ئابووری نێوان هەردوولا هەیە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی عوسمان شوانی سكرتارییەتی ئەنجومەنی باڵای ئابووری لەئەنجومەنی وەزیران كرد.

  • بەستنی كۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لەم كات و ساتەدا چەند گرنگی بۆ بوژانەوەی كەرتە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە؟
  • بڕیاری بەستنی ئەم كۆنگرەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ئەو پێداویستییە دەگەڕێتەوە كە هەردوو لا بە ئابووری و بازاڕەكانی یەكتر هەیانە، تەنانەت نزیكبوونەوەو كرانەوەی هەرێمی كوردستان بەرووی بازاڕەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەچوارچێوەی ئەو زنجیرە هەوڵانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دێت كە بۆ دەربازبوون لەقەیرانی دارایی و بوژانەوەی بازاڕەكانی ناوخۆ و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی كەرتی تایبەت ماوەیەكە هەنگاوی گرنگ و جیددی بۆ نراوە ، هەربۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان سكرتارییەتی ئەنجومەنی ئابووری راسپارد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسە، ئەوەبوو لەماوەی زیاتر لە شەش هەفتەی رابردوو پێكەوە هەماهەنگی تەواومان هەبووە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم كۆنفرانسە بەسەركەوتوویی رێكبخەین، هەرواش دەرچوو، بێگومان پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییانەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەردوولا جێگای بایەخەو رۆڵی گرنگی دەبێت لە هەڵگرتنی هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی لەبەردەم پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانەدایە، تەنانەت نەخشە ڕێگاو پلانێكیش دەبێت بۆ پێشخستن و كرانەوەی زیاتری ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی و هەموو بوارەكانی دیكە .
  • ئەوەی لە كۆنفرانسەكەو پانێڵەكاندا زیاتر سەرنجی راكێشاین ئەو حزوورە گەورەیەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگارو سەرۆكی ژوورەكان و نوێنەرانی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بوو، ئایا ئەمە چی كاریگەرییەكی لەسەر دەرئەنجامەكانی كۆنفرانسەكە دەبێت؟
  • هەڵبەتە بەشداربووانی ناو كۆنفرانسەكە بەتایبەتی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی عێراقەوە بۆ ئێمە گرنگ بوو ، تاوەكو لەلایەك ئێمە بتوانین بەشدارییەكی كارا بكەین و هاوسەنگییەكیش رابگرین لەنێوان بەشداربووان و ئامانجی كۆنفرانسەكە، خۆشبەختانە ئەوەی كاریگەریی و گرنگی كۆنفرانسەكە زیاتر كرد ئەو بەشدارییە گەورەیەو كارایەی شاندی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو كە بە ئامادەبوون و سەرۆكایەتی بەڕێز شەریعەتمەداریی وەزیری بازرگانی كۆماری ئیسلامی ئێران و چەندین سەرۆكی ژووری بازرگانی و پارێزگارو بەرپرسانی پەیوەنداری بواری ئابووری و بەرپرس و نوێنەرانی گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بوونیان هەبوو، هەروەها ئامادەبوونی بەڕێز دكتۆر محەمەد شیاع سودانی وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی كۆماری فیدراڵی عێراق گرنگی خۆی هەبوو. لەمەدا ئێمە توانیمان سەركەوتوو بین بەتایبەتی كاتێك توانیمان بەشدارییەكی كارا لەنێوان بازرگانەكانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكومەت رێكبخەین، ئەمەش نەك تەنیا سەرەتایەكی گرنگە بۆ قسەكردن و گفتوگۆو نزیكبوونەوەی نێوان كۆمپانیاكان و بەرپرسانی پەیوەنداری حكومەت، بەڵكو هەنگاوێكی گرنگیشە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییەكان و داڕشتنی ستراتیژییەتێكی درێژخایەن لەنێوان هەردوو لادا.
  • لەدوای هەموو كۆنفرانس و كۆنگرەیەك كۆمەڵێك پێشنیارو داواكاریی و تەنانەت یاداشتی لێكتێگەیشتن واژوو دەكرێت كە جێگای بایەخ و گرنگی زۆرە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان؛ ئایا لەم كۆنفرانسەدا چی بڕیارو داواكاریی و یاداشتێك واژوو كرا؟
  • ئەمە پرسیارێكی گرنگە؛ چونكە ئامانج لەبەستنی كۆنگرەو گفتوگۆو سازدانی پانێڵ و دانیشتنەكان بۆ گەڵاڵەكردنی كۆمەڵێك پێشنیارو داواكارییە كە بەمەبەستی لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم گەشەكردنی سێكتەرە جیاجیاكانی ئابوورییە ، ئەوەبوو هەر لەكۆنگرەكەدا یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستان واژووكرا ئەم یاداشتنامەیە چەند خاڵێكی پەیوەندار بە پتەوبوونی پەیوەندییەكانی ئابووری لە نێوان هەردوو لا لەخۆ دەگرێت، چەند خاڵێكی گرنگی تێدایە لەدروستكردنی ناوچەی ئابووری و بازرگانی ئازاد لە پەروێزخان و هەر مەرزێكی دیكە ئامادەسازیی تێدا بكرێت. سەرەڕای ئەمەش دروستكردنی كۆمیتەیەكی هاوبەشە كاریان بۆ ئەوەیە هەماهەنگی بكەن لەگەڵ یەكتر بۆ ئەوەی بەسەركەوتوویی بتوانن چارەسەری كێشەكان بكەن و ئاستی سەرمایەگوزاری نێوان هەردوولا روو لەزیادبوون بكات. هەروەها بڕیاردرا بەئەنجامدانی  دوو پێشانگای ئێرانی لەم ساڵدا لە هەولێرو سلێمانی بۆ نمایشكردنی كاڵاو بەرهەمەكانی كۆمپانیاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمە  وێڕای كردنەوەی پێشانگایەكی بەردەوام بۆ كاڵاو كەلوپەلەكانی ئەو وڵاتە لە هەولێر ، هەروەها بڕیاردرا سەنتەرێكی خزمەتگوزاری بازرگانی لەهەولێر بكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت خزمەتگوزاری پێشكەش بە بازرگان و پیشەسازیكاران و بیزنسكارانی هەردوو لا بكات .
  • لە كۆنفرانسەكەو تەنانەت لە پانێڵەكانیشدا زۆر جەخت لەسەر هەردوو بواری بازرگانی و پیشەسازی كراوەتەوە، ئایا بوارەكانی كشتوكاڵی و گەشتوگوزاری و سێكتەرەكانی تری كەرتی نیشتەجێبوون و رێگاوبان و بوارەكانی تر باسی لێوە كراوە؟
  • كاتێك باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران دەكرێت هەڵبەتە تەنیا هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازی ناگرێتەوە، بەڵكو هەر لەم كۆنفرانسەدا زۆر باسی كەرتی گەشتوگوزاریی و بەهێزكردنی ژێرخانی ئەم كەرتەو ئاسانكاریی هاتوچۆی گەشتیاران و مانەوەیان كرا، تەنانەت باسێكی جیددی لەسەر دروستبوونی كۆمپانیای هاوبەش لەهەموو بوارەكانی ئابووری كرا لەناویاندا دروستكردنی كۆمپانیای هاوبەشی گەشتوگوزاریی و گواستنەوەی گەشتیاران و كاڵاو كەلوپەل و چەندین بواری دیكە ، ئەمە وێڕای قسەكردن لەسەر لابردن و هەڵگرتنی هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی لەسەر رێی هاتوچۆكردن و گواستنەوە دانراوە بەتایبەتی لەسەر سنووری كۆماری ئیسلامی ئێران .. بەشێوەیەكی گشتی وەكو لەدەستپێكی كۆنفرانسەكەشدا باس لەو پەیوەندییە مێژوویی و قوڵەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كرا لەناو هەموو دانیشتن و دیدارو پانێڵەكانیشدا جەخت لەسەر بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییانە كرایەوەو كۆمەڵێك راسپاردەو بڕیارو داواكاریش خرایە روو كە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەكرێتەوە تاوەكو كاری جیددی لەسەر بكرێت لەلایەنی بەرامبەریشەوە بەهەمانشێوە ئوەمێدێكی زۆر هەبوو بۆ بەهێزكردنی ئەم پەیوەندییانەوە پەرەپێدانیان لەماوەیەكی نزیكدا ئاكامەكانی دەردەكەوێت و رەنگدانەوەی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵووێری بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیار و سێكتەرەكانی تر دەبێت و رۆڵی لەبوژانەوەی ئابووری هەرێم و جموجوڵی بازاڕو خستنەگەڕی هەلی كارو بژێوی هاوڵاتیان دەبێت.