یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

چاوپێکەوتن

دیداری سەید كەمال حوسێنی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و كانزاكاری سنە

دیداری سەید كەمال حوسێنی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و كانزاكاری سنە

* وەكو سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای سننە تا چ رادەیەك لەئاستی ئاڵووێری بازرگانی و پەیوەندی ئابووری نێوان هەردوو دیوی سەرسنووری كوردستانی رۆژهەڵات و باشور رازیت؟
-هەوڵەكانی پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان مێژوویەكی كۆنیان هەیە، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی سەردەم و ئەو گۆڕانكارییانەی ئەمڕۆ لەدنیای بیزنس و بازرگانی و ئابووری دا روودەدات پێویستی بەوە هەیە ئەم پەیوەندییانە چاوخشاندنەوەی پێدا بكرێت و هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی بەردەم ئاڵووێری بازرگانی و هاتوچۆی وەبەرهێنەران و بیزنسكاران و بازرگانان هەڵبگیرێت و كار ئاسانی زیاتر بۆ كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان بكرێت. بەتایبەتی لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگا هاوسنوورەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كە ئەم پەیوەندیی و هەڵگرتنی ئاستەنگ و بەربەستانە زۆر پێویستە، چونكە كاریگەری خراپی لەسەر ئاڵووێری بازرگانی و وەبەرهێنان كردووەو ئێمە رازی نین بەو ئاستەی ئێستا هەیە، بەتایبەتی ئاستی ئاڵووێری نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە هەردوو لامان جگە لەفاكتەری جوگرافیا هاو كلتوورو هاو فەرهەنگین و كۆمەڵێك بنەماو خاڵی هاوبەش كۆمان دەكاتەوەو پەیوەندییەكی دۆستانە لەنێوان هاوڵاتیان و بازرگانەكانی هەردوو دیوی سنوور بوونی هەیە، ئەمە لەكاتێكدا لەدنیای ئەمڕۆدا هەرگیز دوو وڵات كە هاوسنوور بن لەگەڵ یەكتردا ئەو هەموو كۆت و بەربەستە ئابووری و بازرگانییە لەنێوانیاندا نییە تەنانەت لە رێگەی ناوچەی ئابووری و بازرگانی ئازاد بازاڕەكانی هەردوو وڵات كراونەتە یەك بازاڕو جموجوڵی بازرگانی و كاسبكاری زۆر فراوانترو گەورەتر كراوە، كەچی لێرە هێشتا ئاستەنگ و بەربەستە تەقلیدییەكان بوونیان هەیە .
* باسی بوونی كێشەو گرفتێكی زۆرت كرد كە لەبەردەم ئاڵووێری بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و كوردستانی رۆژئاوا بوونی هەیە ئایا گرنگرتین ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە چین؟
- یەكێك لەمەبەستەكانی ئامادەبوونمان لەكۆنفرانسی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لێكتێگەیشتنی هەردوولامانە لەسەر بوونی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە، لەكاتێكدا وەكو ئاماژەم پێدا ژینگەو سنوورو بنەمای هاوبەشی زۆرمان هەیە كە دەكرێت سوودی لێوەربگرین بۆ پێشخستنی ئاڵووێری بازرگانی و فراوانكردنی ئاسۆی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لامان، هەربۆیە لەكۆنفرانسەكەو پانێڵەكانیشدا لەنێوان هەردوو لاماندا گفتوگۆیەكی جیددی و راشكاوانەمان ئەنجامداو باس لەو ئاستەنگ و گرفتانە كرا كە زیاتر خۆی لە كەمی ئاسانكاری هاتوچۆو گواستنەوەی كەلوپەل و نەبوونی خزمەتگوزاری راوێژكاری و كەمی دەروازە سنوورییەكان و بابەتەكانی تاریفەی گومرگی و رسوماتەكاندا خۆی دەبینێتەوە، ئێمە ناڕازین لەو پەیوەندییانەی ئێستا كە وایكردووە بازاڕەكانی كوردستان زیاتر روو لەكاڵاو كەلوپەلی توركی بكەن و زۆربەی كاڵاو كەلوپەلەكانی بەرهەمی رۆژئاوا بوونیان نییە، تەنانەت گرفت و كێشەی ئاڵوگۆڕی پارەو دراو مامەڵە بانكییەكانیشمان هەیە، هەربۆیە بازاڕەكانی كوردستان بەدەست كەسانی ترەوەن و كۆمپانیاو بازرگان و بیزنسكارانی خۆمان كەمتر دەبینرێن تێیدا، لەكاتێكدا كەرتی تایبەتی ئێمەو كەرتی تایبەتی ئێوە پڕ بەدڵ حەزدەكەن لەو مامەڵە بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییانە كەچی رۆژ لەدوای رۆژ لەئاست مامەڵەو قەبارەی كاڵاو پەیوەندیی وڵاتانی تردا ئەم قەبارە بازرگانییەی ئێمە زۆر نەچۆتە پێشەوە.
* ئەی سەبارەت بە یاساو رێنماییەكانی گومرگی و بازرگانی و ئابووری بەتایبەتی جیاوازی ئەو یاساو رێنماییانە لەنێوان هەردوو لادا چ كاریگەرییەكی لەسەر كزی و سستی رەوشی ئابووری و بازرگانی هەبووە؟
- جیاوازی نێوان یاساو رێنماییەكانی نێوان دوو وڵات هەرگیز نابێت ببێتە هۆكاری پەكخستن و لاوازبوونی كەرتی بازرگانی و پیشەسازی ، بەڵكو دەبێت ئەو یاساو رێنماییە بازرگانییانە لە كێبركێدا بن بۆ كەمكردنەوەی ئاستەنگ و بەربەستەكان بەداخەوە لای ئێمە وا نییە ، بگرە یەكێك لە كۆت و بەربەستەكانی بەردەم بەهێزبوون و پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان بوونی كۆمەڵێك یاساو رێنمایی جۆراوجۆرە كە پێویست بەوە دەكات لەلایەن هەردوو لاوە هەموار بكرێنەوە یاخود لەم قۆناغەدا هڵبگیرێن و لا ببرێن، بۆ نموونە بەرزكردنەوەی تاریفەی گومرگی ئەمە كێشەی هەردوو دیوی سنوورە پێویستە بۆ هەندێك كاڵا لاببرێن و لەهەندێك كاڵادا زۆر كەم بكرێنەوە، گەرچی ئێمە لەگەڵ ئەوەداین نابێت بازرگانی ئازاد و ئابووری سەربەخۆ بەم كۆت و بەربەستانە رێگری لێبكرێت، چونكە هاتنی كاڵای ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان ناكرێت بەهۆی ئەو تاریفە گومرگی و رسوماتانەوە بەنرخێكی گرانتر بگاتە دەستی كڕیارەكان .
* باسی ئاستەنگ و بەربەستە ئابووری و بازرگانییەكانت كرد؛ ئاشكرایە لەكۆتاییەكانی ساڵی رابردوودا كۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی سیاسی دوور لە رەچاوكردنی بەرژەوەندی ئابووری و بازرگانی و دراوسێتی سنوورەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان داخست و چەندین دەروازەی سنووری لەبەردەم ئاڵوگۆڕی كاڵاو كەلوپەلی ئێرانیدا داخرا ئایا ئەمە چی زیانێكی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا هەبووە؟
- ئومێدمان هەیە سیاسەتمەدارانی ئێمە و هەردوو دەوڵەتمان هاوكارمان بن بۆ ئەوەی ئێمەش وەزیفەی خۆمان كە پێشخستن و پەرەپێدانی ئابوورییە بەرەو پێشەوەی ببەین، ئەگەر ئەوان دەیانەوێت ناوچەكە سەقامگیر بێت و حكومەت و دەوڵەتەكانیان بەهێز بێت دەبێت لەرووی ئابوورییەوە هاوكارمان بن بۆ ئەوەی ئێمەش بەهۆی بازرگانی و ئابوورییەوە كارو بەرژەوەندی هاوبەش بدۆزینەوەو سیاسەت لەخزمەتی ئابووریدا بێت، خۆ ئەگەر دەوڵەتەكانیش گرفتی سیاسییان هەبێت نابێت بەو شێوەیە كاریگەری لەسەر رەوشی ئابووری بكات كە دواتر چاكنەكرێتەوە. دۆستایەتی و هاوبەشی بەكاری ئیكۆنۆمی دەكرێت و پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەكانیش دەخاتە ئاستێكی بەرزترەوە، كاری سیاسی هەر وڵاتێك كە سیاسەتەكەی بۆ ئابوورییەكی گەشە دبێت سەركەوتووە من پێم وایە دەبێت سیاسەت بكەینە قوربانی ئابووری نەك بەپێچەوانەوە

• چی بكرێت بۆ ئەوەی خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو دیوی كوردستانی رۆژهەڵات و باشوری كوردستان بەهێز بكرێت و ئاستەنگ و بەربەستەكانیش هەڵبگیرێن و خاڵ و بەرژەوەندی زیاتری هاوبەش بدۆزرێنەوە؟
- با ئێمە لەپەیوەندییە ئابووریی و بارزگانییەكانی كیشوەرە پێشكەوتووەكانەوە پەندو عیبرەت وەربگیرن ئەوان چۆن سنوورەكانیان هەڵگرتووەو هەموو سیاسەت و كاری بەڕێوەبردنی وڵات لە پێناو بەرژەوەندی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵكە، هەربۆیە ئەوان رۆژ لەدوای رۆژ نەك هەر كاری بازرگانی و ئابوورییان هاوبەش بووەو تێكەڵ كردووە بەڵكو بازاڕەكانی ئەم وڵاتانەشیان داگیركردووە، ئێمە چیمان كردووە راست پێچەوانە هەربۆیە بەردەوام گیرۆدەی قەیرانی ئابووری و نەبوونی بازاڕ بووین. ئێمە پێویستمان بەوە هەیە لە وڵاتدا هەموو دەزگا هەستیارەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكان لەخزمەتی بەرەوپێشچوونی كەرتی تایبەت بن، پێویستیمان بەوە هەیە لە رێگەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانەوە پەیوەندییە سیاسی و دراوسێتی و مامەڵەكانمان بەرەدەوامی پێ بدەین.
• لەیەكێك لە پانێڵەكانی كۆنفرانسی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر باسی ناوچەی ئابووری و بازاڕی ئازاد كرا، ئایا دروستكردنی ئەم ناوچە ئازادانە تاچەند كاریگەری لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و بەرزكردنەوەی قەبارەی ئاڵووێری بازرگانی هەیە؟
- لەنێوان سنوورەكانی رۆژهەڵات و باشوری كوردستاندا چەندنی ناوچە و دەروازەی سنووری هاوبەشمان هەیە، لەوانە پەروێزخان و پاشماخ و مەریوان و حاجی ئومەران و چەندین ناوچەی دیكە هەیە ، كە دامەزراندنی ئەم ناوچە ئازادانە ئەندێشەیەكی باشەو داواكارین لەم ناوچانە بازاڕی ئازادو هاوبەش بكرێتەوە بۆ ئەوەی لەو بازاڕانەدا بازرگان و كاسبكارانی هەردوو لا ئازادانەو ئاسانتر بتوانن پەیوەندییەكانیان پەرە پێبدەن بەرژەوەندی و قازانجی هاوبەشیان هەبێت و ئیدامەی دۆستایەتی بەردەوام بكەن ، تەنانەت لە دنیای ئێستادا شاری پیشەسازی هاوبەشیش دراوستكراوەو كاریگەری گەورەی لەسەر پێشخستنی كەرتی پیشەسازی و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەم و كاڵایەكانیان هەبووە ، لەناو ئەو ناوچە ئازادو شارە پیشەسازییە هاوبەشە ئێوە لە هەرێمی كوردستان بتوانن سوود لە تەكنەلۆژیاو شارەزایی ئێران وەربگرن و سوود لەخزمەتگوزاری ئەندازیاران و تەكنیكارانمان وەربگرن، بەمەش هەنگاوێك بەرەو خوڵقاندنی بەرژەوەندی هاوبەش دەنێین ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشەی تەحەكوم بەهەموو ئاراستەو بۆچوونە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانیشەوە دەكات، ئێمە وەكو سەرۆكی ژووری بازرگانی شاری سنەو كۆمەڵێك بازرگان و بەرپرسانی كۆمپانیاكان ئومێدمان زۆرە ئەو ناوچە ئازادانە ئینشائەڵا بەمنزیكانە دروست بكرێن و بازاڕو هاوبەشی نوێی ئابووری بدۆزینەوەو كەرتی تایبەتی هەردوو لا بەرەو بوژانەوە بچێت، لەكۆنفرانسی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران چەندین رەخنەو پێشنیار بەرزكرایەوە بەو ئومێدەی هەموو ئەو كێشەو گرفتانەی لەسەر رێگای وەبەرهێنانو بازرگانی دا بوونیان هەیە هەڵبگیرێت و خەرجییەكانی سەر سنوورەكان كەم بكرێنەوەو خەرجی زیادە لەسەر كاڵاكانمان نەمێنێت چونكە ئێستا بازرگانەكانمان گلەییان هەیە بەوەی خەرجی زیادە دەكەوێتە سەر نرخی كاڵاكان و لەبازاڕەكانی ناوخۆدا كاریگەری لەسەر كڕیارو دۆزینەوەی بازاڕ هەیە ئاڵووێری بازرگانی و پیشەسازی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران بەگشتی و رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی بۆ ئاستێكی وا بەرز بكرێتەوە بەهاوشێوەی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە بێت.