یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی

هەرێمی کوردستان / ‌عێراق

چاوپێکەوتن

رۆلی ژوورە بازرگانیەكان لە پێشخستنی پەیوەندیە ئابووریەكان

رۆلی ژوورە بازرگانیەكان لە پێشخستنی پەیوەندیە ئابووریەكان

پەیوەندیە ئابووریەكان یەكێكە لە كۆلەگە سەرەكیەكانی پێشكەوتنی وولات بۆیە سامان بە پێویستی زانی بۆ ئەم ژمارەیە دیدارێك سازبكات لەگەڵ بەرێز نەوزاد غفور رەباتی كە بەرێزیان لەدایك بووی سالی 1962 و دەرچووی كۆلێژی زانستە بەشی ماتماتیك لە ساڵی 1983 و لە ساڵی 2006 وە جێگری دووەمی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیە و ئەندامی ئەنجومەنی كارگێری یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی كوردستانە.

• چی بكرێت بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیە ئابووریەكان لەگەل وولاتانی دراوسی ؟

بێگومان ووڵاتانی دراوسێ ڕۆڵی كاریگەرو گەورەیان ھەیە لە سەر ئابوری یەكتری وەھەموو ئەو فاكتەرانەی كەكاریگەن، وەك لایەنی سیاسی كەپێویستە پەیوەندیەكی سیاسی پتەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەكان بنیاتبندرێت، دانانی چەند پرۆتۆكۆڵێكی ئابوری بۆئاڵوگۆڕی بازرگانی كەبەرژەوەندی ھەردوولا بپارێزێت، وە دروستكردنی چەند ڕێگایەكی ھاوچەرخ و پێشكەوتوو كەشایەنی ھاتچۆی نێودەوڵەتی بێت وەك ئۆتۆبان چونكە بونی ڕێگاوبانی گونجاو ئاسان بۆھاتوچۆ یەكێكە لەفاكتەرە سەرەكیەكان كە ھەر ئابورییەك بۆگەشەكردنی پێویستی پێیەتی، وە ئاسانكردنی كاری وەبەرھێنانی ووڵاتانی دراوسێ كەلەووڵاتی ئێمەدا بەپێی یاسا دوور لەدەست وەردان و دروستكردنی ڕێگری بۆیان وە دروستكردنی پرۆژەی گەورەو ستراتیژی ھاوبەش.

• دەبێ ژوورە بازرگانیەكان چ رۆلێك بگێرن لە پەرەپێدانی پەیوەندیە ئابووریەكان لە گەل وولاتانی دراوسی ؟

ژوورە بازرگانیەكان بریتین لەو شوێنەی كەسەرجەم ئەوكەسانەی بەشدارن لەجوڵەو چالاكی ئابووری بەھەموو سێكتەرەكانەوە لەبەرئەوەی ڕۆڵی گرنگ دەبینن لەدروستكردنی پەیوەندیە ئابوریەكان وە بەشداریكردن وەفدی ژوورەبازرگانیەكان و بازرگانان لە كۆنفرانس و پێشانگا و ۆركشۆپ لەووڵاتانی دراوسێ لەڕێگەی ئەو ڕوداوانەوە ئەتواندرێت پێگەی ئابوری ھەرێمی كوردستان ھەلی بزنس لەكوردستان بەووڵاتانی دراوسێ ڕابگەیەنین و ڕونی بكەینەوە، وە بەستنی كۆنفرانسی ئابوری و پیشەسازی لەگەڵ ھەریەك لە ووڵاتانی دراوسێ لەناو ھەرێمی كوردستان و كردنەوەی پێشانگای تایبەت و جۆراو جۆر، وە بەشداریكردنی ژوورەبازرگانی و پیشەسازیەكان لە ئەنجومەنی ئابوری و كۆبونەوە دارای و ئابوریەكانی حكومەت و بڕیاردان لەبارەی پێشخستنی ئابوری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ بەتاینەت لەسەر بابەتی گومرگ و دەروازە سنوریەكان و چۆنیەتی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆی.

• ئایا پێویستیەكانی دروست بوونی ئەو پەیوەندیە ئابووریانە ھەیە لە كوردستان لە رووی دامەزراوە بازرگانیەكان و دامەزراوە حكومیەكان ؟

لەكوردستان ئەوەندە دامەزراوەی بازرگانی و حكومی ھەیە كەبتوانێت پەیوەندی ئابووری لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ دروستبكات، وە ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەكانی ھەرێمی كوردستان كەسەرەكیترین دامەزراوەی نیمچەڕەسمییەو لەسەر ئاستی ووڵاتانی دراوسێ و جیھان ناسراوەو چەندین كۆنفرانس و پێشانگاو ۆركشۆپ بەشداری كردووە لەدەرەوە و ناو كوردستان ھەڵساوە بەڕێكخستنی ئەوكارانە وە سەرجەم كارو پرەنسیبەكانی ئابوری دامەزراوەی تایبەت بەخۆی ھەیە، لەلایەن حكومەتەوە سەرجەم وەزارەتەكان ڕۆڵی كاریگەریان ھەیە لە كوردستان پەیوەندی ئابوری بەتایبەتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەزارەتی دارای و پلاندانان ، بەڵام بەداخەوە تائێستا نەیانتوانیوە ڕۆڵی سەرەكی و كاریگەر ببینن لەدروستكردنی ئەو پەیوەندیانەدا.

• ئایا كێشەی كەمی ئاو و ئاسایشی خۆراك دەبن بە رێگر لە پێشخستنی ئەو پەیوەندیانە ؟

كێشەی كەمی ئاو وە ئاسایشی خۆراك بێگومان دەبێتە ڕێگر لەپێشخستنی ئەو پەیوەندیانە بەڵام ئەگەر پەیوەندیەكی پتەو ھەبوایە ئەوكێشانە كەمتر سەری ھەڵئەدا چونكە ئەو ووڵاتانەی سەرچاوەی ئاوی ھەرێمی كوردستان و عێراقن بەرژەوەندی گەورەیان ھەیە لەگەڵ كوردسیان و عێراق دەتوانن بەرامبەر بەپاراستن و ھێشتنەوەی بەرژەوەندیانە ئیستغلال بكرێت بۆئەوەی كێشەی ئاو دروست نەبێت.

• ئایا ئەو بارودۆخەی ئێستا ھەیە تەواوە بۆ پێشكەوتنی رەوشی ئالوگۆری بازرگانی یان پێویستی بە سەقامگیری زیاتر ھەیە ؟

ئەوەی ئاشكرایە پێشكەوتنی ڕەوشی ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێویستی بەبارودۆخی سەقامگیری تەواوھەیە و ئەو بارودۆخە سیاسیەی كەلە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە عێراق و ھەرێمی كوردستان ھەیە كاریگەری خراپی كردۆتەسەر ڕەوشی گەشەكردنی ئابووری وە بەڕێژەیەكی زۆر ئاڵوگۆڕی بازرگانی كەمی كردووە لەبەرئەوەی سەقامگیری لەگەڵ گەشەكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی كردارێكی ڕاستەوانەیە.

• ئاسۆی رەوشی بازرگانی چۆندەبینیت؟

ئاسۆی ڕەوشی بازرگانی پەیوەستە بەڕەوشی سیاسی عێراق و كوردستانەوە و بەڕای من باری ئابوری كوردستان بەرەو باشتر دەچێت و ئەمەش وادەكات كەجوڵەی زیاتر دروست بكات لەڕەوشی بازرگانیدا.